فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، وەجبەی دووەمی پێدانی زەوی بە فەرمانبەران دەست پێ دەکات، کە تیایدا 240 هەزار و 111 فەرمانبەر لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم نۆی شوباتی 2025، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، لە درێژەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەردا و لەژێر ڕاسپاردەی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە سەرپەرشتیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، وەجبەی دووەمی پێدانی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەست پێ دەکات.
فەرمانگەکە روونی كردووەتەوە، مامەڵەی وەرگرتنی وەجبەی دووەمی پێدانی زەوی بۆ 27 وەزارەت و فەرمانگە تەواو بووە، کە تێیدا 240 هەزار و 111 فەرمانبەر لە وەرگرتنى زەوی سوودمەند دەبن.
زیاتر هاتووە، پێدانی زەوی هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، لە فەرمانبەرانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە، سۆران، ڕاپەڕین، گەرمیان و زاخۆ.
ڕۆژی 27ی ئاداری 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، چەندان بڕیاری لە بەرژەوەندیی دۆخی هاووڵاتییانی کوردستان دا، یەکێک لەو بڕیارانە بەخشینی زەوی بوو بە فەرمانبەرانی کەرتی گشتی بەپێی مەرج و ڕێنوێنییەکان.