حەمە هاشم كتێبی "پەیكەرسازیی مۆدێرن" بڵاو دەكاتەوە

:: AM:11:36:11/02/2025 ‌
نووسەر و هونەرمەندی دیاری كورد حەمە هاشم، كتێبێكی نوێی بەناوی "پەیكەرسازیی مۆدێرن" نووسیوە و بڕیارە لە رۆژانی داهاتوو چاپ و بڵاو بكرێتەوە.

كتێبی پەیكەرسازیی مۆدێرن، باسكردنە لە رەوتە تازەكانی هونەری پەیكەرسازیی مۆدێرن لە دوای جەنگی جیهانی یەكەمەوە و سەرهەڵدانی پەیكەرسازیی نوێ، باسكردنە لە ماتریاڵی تازە بۆ پەیكەر، ئەو كەرەستانەی كە پێشتر بەكار نەهاتبوون، پێكەوە لكاندنی هەندێ كەرەستەی مەئلووف بۆ دروستكردنی شێوەی تازەی نامەئلووف، بەتایبەتی سەرەتاكانی دەستپێكی هونەری  "پیكاسۆ، ماتیس، هنری مۆڕ، كاڵدار و میتۆراج …هتد" و زۆر لەو پێشەوایانەی كە لە هونەری پەیكەرسازیی مۆدێرندا بە ئایدیا و ماتریاڵی تازە ناویان دەدرەوشێتەوە .

هونەرمەند حەمە هاشم لەبارەی كتێبەكەوە بۆ "وشە" گوتی، لەم كتێبەدا بەگرنگی دەزانم لەسەر هونەری كۆنتێمپۆرەری، مۆدێرن ئاڕت، پۆستمۆدێرن ئاڕت، میتاپۆستمۆدێرن ئاڕت و رواڵەتە هونەرییە باوەكانی تری دنیاش قسە بكەم، كە ئێستە لە پانتای هونەردا بەخێرایی لە دنیادا  هەنگاو دەنێن، رۆژانە بیركردنەوەی تازە و ماتریاڵی تازە و رواڵەتی تازە دەخەنە بەر دیدەنی و نمایش دەكرێن.

بەگوتەی حەمە هاشم هونەری مۆدێرن لە شێوەكاریدا، بایەخێكی زۆری بەبەر دەكەوێت، بەتایبەتیش ئەو فۆرمانەی كە دەكەونە خانەی پەیكەرسازیی تازە و هاوچەرخەوە، لەم رێگەیانەشدا زۆرجار دەبینین هونەرمەندەكە ئەندازیاری تەلارسازی یان كرێكارێكە یان شاعیرە یان پزیشكە، بۆیە رێگەكە ئاواڵاترە لەو رێگە ئەكادیمیانەی كە لە مێژوودا هونەرمەندانی پێوە موقەیەد كراوە، ئەمەش جۆرێك لە رەچەشكێنی و ئازادی بەدەردەخات كە دەتوانێت شێوەی وەها بنیات بنێ، دوور لە رواڵەتی راستەقینە و واقیعی بینراو كە رۆژانە ئێمە دەیانبینین.

ئەم كتێبە سەرەتایەكی گرنگە لە هۆشیاری و بە ئاگایی لەو جۆرە ستایل و بەرهەمانەی كە لە مێژووی سەرهەڵدانی مۆدێرن ئاڕت بایەخیان زۆرە، بەتایبەت هونەری پەیكەرسازیی هاوچەرخ و تازە.



وشە - سۆران عەزیز