پێچەوانەی ئاسایشی ناوچەكانی تری سنووری سلێمانی و رانیە، ئاسایشی هەولێر دەرگای بۆ دەستەی مافی مرۆڤ دەكاتەوە كە هەر كاتێك بیانوێ بە دواداچوون لەسەر دۆخی گیراوان و تۆمەتباران بكەن.
ئەوە لەكاتێكدایە كە لە چەند رۆژی رابردوودا، سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ لە ئاسایشی رانیە رێگری لێ كرا بە دواداچوون لەسەر دۆخی زیندانیكراواندا بكات.
بابەتەكە ئەوەیە، دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە كە ئەمڕۆ شاندێكی باڵای دەستەكە سەردانی ئاسایشی هەولێری كرد بۆ بەدواداچونی كەیسی دەستگیركردنی هاووڵاتیی ئادەم عوسمان.
"لەسەر داوای عەلی حمە ساڵح ئەندامی پەرلەمان كە پێوەندی كردبوو بە سەرۆكی دەستە داوای كردبوو دەستە بەدواداچوون بكات لەسەر گرتنی هاووڵاتیی ئادەم عوسمان بۆ ئەو مەبەستە د.مونا یاقۆ سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بە یاوەری راوێژكاری دەستە فەیزووڵا محەمەد سەردانی ئاسایشی هەولێریان كردووە و لەلایەن بارزان قەساب پێشوازیان لێ كراوە، بەمەبەستی بە دواداچوونی كەیسی ناوبراو، بڕیارە لەئاییندەیەكی نزیك ئازاد بكرێ" لە ناوەڕۆكی راگەیەنراوەكەی دەستەی مافی مرۆڤ وا نووسراوە.