دوێنی شەو دووشەم 10ی شوباتی 2025، سەعات 9:38ی شەو بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە، تیایدا هاتبوو دوای بەدواداچوونمان لەگەڵ ئاسایشی هەولێر، گەیشتینە هەندێك دەرەنجام و هەندێك لەو كەسانەی وەك ئامرازی برەوپێدانی ئەم هەڵمەتە ناڕەوایە دەستنیشان كران كە هەوڵی شێواندنی دۆخی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەدەن و كەسێكیش گیراوە.
تا ئەم راگەیەنراوەی پۆلیسی هەولێر، عەلی حەمەساڵح هیچ لێدوان و روونكردنەوەیەكی نەبووە و كڕ بووە، بەڵام 15 خوولەك رێك دوای راگەیەنراوەكەی پۆلیس عەلی حەمەساڵح هات راگەیەنراوێكی لە سەعات 9:53ی شەو بڵاو كردەوە و داڕشتنێكی بێ ئاگایانەی بۆ راگەیەنراوەكەی پۆلیسی هەولێر نووسی و رای گەیاند، هاوڕێیەكی من بەناوی "ئادەم عوسمان" ئەم ئێوارە لە لایەن ئاسایشی هەولێرەوە بانگ کراوە و تاوەکو ئێستا چارەنووسی نادیارە و تەلەفۆنەکانی داخراوە، سەلامەتی لە ئەستۆی هێزە ئەمنیەکان و ئاسایشی هەولێرە.
لەبەرانبەردا، پێشەنگ مەلازادە كە چالاكێك و چاودێرێكی سیاسییە بە "وشە"ی گوت، عەلی حەمەساڵح بە كەتنەكەی خۆی تەواو شك هاتووە، ئەگەر هاوڕێكەی "ئادەم عوسمان" لە ئێوارەوە بێ سۆراغ بووە، بۆچی تا پۆلیس راگەیەنراوی نەبوو ئەو هیچی باس نەكرد؟
چاودێرە سیاسییەكە ئەوەیشی گوت، شێوازی داڕشتنی راگەیەنراوەكەی عەلی حەمەساڵح لە ئیفادی تۆمەتبارێك دەچێت و خۆگێلكردنێكی تەواوی پێوە دیارە، داڕشتنەكەی بە جۆرێك كردووە كە ئاگەداری ئەو راگەیەنراوەی پۆلیسی هەولێر نییە كە "ئادەم عوسمان"ی تۆمەتبار كردبوو گیراوە بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ گێرەشێوێنی و شێواندنی دۆخی ئاسایشی هەرێمی كوردستان.
ئەو چاودێرە سیاسییە دووپاتی كردەوە، بڵاوكردنەوەی راگەیەنراوێك لەلایەن عەلی حەمەساڵحەوە 15 خوولەك دوای راگەیەنراوی پۆلیس و خۆگێلكردن لە ناوەڕۆكی راگەیەنراوەكەی پۆلیسی هەولێر رێك دەیسەلمێنێت كە ئەم بە مەبەست كارەكەی بەمەبەستی سیخوڕی بۆ "سابرین نیوز" كردووە.