به‌ڕێوه‌به‌رێك هه‌زار و 22 پێنووسی له ماوه‌ی 14 ساڵی كاركردنیدا هه‌ڵگرتووه كه پێیان نووسراوه و كاروباری خه‌ڵكی پێ راپه‌ڕاندووه.
ئاودێر عه‌زیز به‌ڕێوه‌به‌ری پاسپۆڕتی ڕاپه‌ڕین، بۆ ''وشه''، باسی هه‌ڵگرتنی ئه‌م ژماره زۆره پێنووسانه‌ی بۆ ''وشه'' كرد كه لای خۆی هه‌ڵیگرتوون و گوتی، ماوه‌ی دوو ساڵ ده‌بێت ده‌ستی كردووه به كۆكردنه‌وه و هه‌ڵگرتنی ئه‌م پێنووسانه كه له ماوه‌ی 14 ساڵی كاركردنیدا بۆ ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كه‌ی به‌كاری هێناون، ئه‌م كاره‌شی بۆ خۆشیی خۆی كردووه.
ئه‌و باسی له‌وه‌ش كرد، له ماوه‌ی 14 ساڵی كاركردنیدا وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری پاسپۆڕت، به‌وپه‌ڕی دڵسۆزی و ئه‌مانه‌ته‌وه ئه‌ركه‌كه‌ی به‌ڕێوه بردووه، به بێ ئه‌وه‌ی كارێكی نایاسایی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕ ببێت كه له‌سه‌ر كه‌سایه‌تی و ئه‌ركه‌كه‌ی بكه‌وێت.
به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه دڵخۆشیی خۆی ده‌ربڕیوه و له‌و واژوو و نووسینانه په‌شیمان نییه كه به‌و قه‌ڵه‌مانه كردبێتی، سه‌ربه‌رزه به‌وه‌ی توانیویه‌تی له ئاستی به‌رپرسیارێتیدا خزمه‌تی خه‌ڵكی سنووره‌كه‌ی بكات.
ڕاپه‌ڕین/ هێـمن عه‌بدوڵا