لە چوارچێوەی زیادكردنی گوشارەكانی سەر ئێران، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا دەستی بە سزادانی بانك و كۆمپانیا و كەسایەتییە عێراقییەكان كردووە، لە ماوەی ئەم هەفتەدا سزای بەسەر پێنج بانكی تایبەت و سێ كۆمپانیای حەواڵەی دۆلار سەپاند، شرۆڤەكارێكی سیاسی دووپاتی دەكاتەوە كە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا لیستێكی بە ناوی 18 بەرپرسی حەشدی شەعبی بڵاو كردووەتەوە، ئەوان سزایان دەخرێتە سەر.
د. باسم خەزرەجی شرۆڤەكاری سیاسی لە پۆستێك لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس نووسیویەتی، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا لیستێكی بە ناوەی 18 سەركردەی حەشدی شەعبی بڵاو كردووەتەوە، ئەوان بە بوونی پێوەندی بە سوپای پاسداران و قاچاغی دۆلار تۆمەتبارن.
بەپێی پۆستەكە لەو ناوانەی لە لیستەكەدا هاتووە، فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و ئەبو فەدەك سوپاسالاری حەشد و سەركردە لە كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی و هادی عامری سەرۆكی رێكخراوی بەدر و قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتیی گرووپی عەسایب ئەهلولحەق و ئەبو زەینەب لامی بەرپرسی ئاسایشی ناوخۆیی حەشد و ئەكرەم كەعبی و حوسێن كیلابی و ئەبو ئالا وەلائی و رەیان كلدانی سەركردەی بزاوی بابلیوون هەن.
خەزرەجی ئاماژە دەكات، بڵاوكردنەوەی لیستی ئەو ناوانە واتە سزادانیانە لە گەشتكردن و حیسابە بانكی و كردنەئامانجی سەربازییان.