ئومێدی ئه‌وه هه‌بوو دوای سه‌ردانه‌كه‌ی زیلینسكی بۆ ئه‌مه‌ریكا و واژووكردنی رێككه‌وتنی ئابووریی وڵاته‌كه له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا، هه‌نگاوه‌كانی ئاشتی و كۆتاهاتنی جه‌نگی ئۆكراینا په‌ره بستێنن، به‌ڵام دوای رووداوه‌كه‌ی ئێواره‌ی هه‌ینیی كۆشكی سپی و ده‌مه‌قاڵه‌ی نێوان تره‌مپ و زیلینسكی، هیوایه‌كی ئه‌وتۆ بۆ راگرتنی جه‌نگ نییه.
زۆربه‌ی لێكۆڵه‌ران و چاودێرانی سیاسیی نێوده‌وڵه‌تی پێیان وایه، راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست به‌مزووانه له ئۆكراینا كارێكی ئاسان نییه.
یانیس كولگێ پسپۆڕی رووسی له دامه‌زراوه‌ی ئه‌ڵمانیی ''ئاسایش و كاروباری نێوده‌وڵه‌تی'' گوتی، له نێوان ئه‌و قسانه‌ی ده‌گوترێن و ئه‌و شته‌ی له گۆڕه‌پانه‌كانی جه‌نگ روو ده‌دات، جیاوازییه‌كی زۆر هه‌یه.
له گۆڕه‌پانی جه‌نگ هێزه‌كانی رووسیا له‌لایه‌ك و ئۆكراینا له‌لایه‌كی تر، زۆر به سه‌ختی له شه‌ڕێكی خوێناویدان و ده‌ستكه‌وته‌كان له مه‌یدانی جه‌نگ بۆ هه‌ردوو لایه‌ن زۆر كه‌م و زیانه‌كان زۆرن.
ئه‌و روونی كرده‌وه، هه‌رچه‌نده زستان و كه‌شوهه‌وای سارد كه‌مێك له گوڕی هێرشه‌كانی كه‌م كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام هێزه‌كانی رووسیا خه‌ریكی ئه‌وه‌ن خۆیان رێك بخه‌نه‌وه و دوای چه‌ندان مانگ شه‌ڕ و نه‌بوونی هیچ ده‌ستكه‌وتێك، ده‌خوازن تاكتیكی نوێ به‌كار بهێنن.
دامه‌زراوه‌ی ''ئای سی ده‌بلیۆ''ی ئه‌مه‌ریكی كه تایبه‌ته به توێژینه‌وه‌ی جه‌نگ و باره‌گاكه‌ی له واشنتنه، باسی له‌وه كردووه كه له رۆژانی رابردوودا هێزه‌كانی رووسیا له ناوچه‌ی كۆرێسك، هه‌ندێك پێشڕه‌وییان هه‌بووه و كه‌مێك له‌و خاكه‌ی كه ساڵی رابردوو ئۆكراینییه‌كان كۆنترۆڵیان كردبوو، وه‌رگرتووه‌ته‌وه.
له‌لایه‌كی تره‌وه سوپای ئۆكراینا ده‌ڵێت، رووسیا له ته‌واوی به‌ره‌كانی جه‌نگ به‌تایبه‌تی له نزیك شاری پۆركرۆفسك و گوندی نادیۆكا له رۆژئاوای هه‌رێمی دۆنێتسك، ده‌ستی به هێرش كردووه.
شه‌ڕه‌كه‌ی ئێسته‌ی نێوان رووسیا و جه‌نگ زیاتر له رێی درۆن و تۆپهوهیه و به گشتی سوپای رووسیا 20% له خاكی ئۆكراینای داگیر كردووه، دواین هه‌ڵوێستی رووسیا ئه‌وه‌یه چوار هه‌رێمی لۆهانسك، دۆنێتسك، زاپۆریژیا و خێرسۆن به خاكی خۆی ده‌لكێنێت، هه‌رچه‌نده هێشتا به‌شێك له‌و هه‌رێمانه له ژێر ده‌ستی ئۆكراینادا ماونه‌ته‌وه.
هێڵی شه‌ڕی نێوان ئۆكراینا و رووسیا ده‌گاته هه‌زار و 500 كیلۆمه‌تر، له چه‌ندان به‌ره‌ی جیاوازدا شه‌ڕ درێژه‌ی پێ ده‌درێت و سوپای ئۆكراینا 400 كیلۆمه‌تری دووجای له خاكی رووسیا كۆنترۆڵ كردووه. ساڵی رابردوو هێزه‌كانی رووسیا ده‌ستی باڵاتریان له هێزه‌كانی ئۆكراینا هه‌بووه، هه‌رچه‌نده ده‌ستكه‌وته‌كانی رووسیا له‌چاو ئه‌و قوربانییه زۆره كه‌مه.
ڤۆلۆدمیر زیلینسكی رای گه‌یاندووه، تا ئێسته له‌م جه‌نگه‌دا 46 هه‌زار سه‌ربازی ئۆكراینا كوژراون و 380 هه‌زار كه‌سی تر بریندار بوون، به‌بۆچوونی شاره‌زایان ژماره‌كه زۆر زیاتره له‌و ژماره‌یه‌ی سه‌رۆك كۆماری ئۆكراینا خستوویه‌ته روو.
به‌گوێره‌ی رادیۆ فه‌ردا، ساڵی رابردوو هه‌زار و 400 تانكی رووسیا به‌هۆی هێرشه‌كانی ئۆكراینا، له‌ناو چوون و رووسیا ناچار بوو هانا بۆ كۆگه‌كانی چه‌ك له سه‌رده‌می یه‌كێتی سۆڤییه‌ت به‌رێت و په‌ره به به‌رهه‌مهێنانی چه‌ك بدات.
له ماوه‌ی دوو مانگی رابردووش‌دا هه‌رچه‌نده شه‌ڕ درێژه‌ی هه‌بووه، به‌ڵام هیچ كام له رووسیا و ئۆكراینا نه‌یانتوانیوه ئۆپراسیۆنی زۆر گه‌وره ئه‌نجام بده‌ن و به بۆچوونی شاره‌زایانی سه‌ربازی، جه‌نگه‌كه به قۆناغێك گه‌یشتووه هیچ لایه‌نێكیان ناتوانن خاكی زیاتر كۆنترۆڵ بكه‌ن و هه‌ردوو لایه‌ن ده‌خوازن زیانه‌كانی به‌رانبه‌ر به‌رز بكه‌نه‌وه.
دوای ئه‌و ده‌مه‌قاڵه‌یه‌ی له نێوان زیلینسكی و تره‌مپدا هاته كایه‌وه، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئه‌مه‌ریكا یارمه‌تییه‌كانی ببڕێت، به‌ڵام ئه‌وروپا یارمه‌تییه سه‌ربازییه‌كانی زیاد بكات، به‌ڵام دابینكردنی چه‌كی زیاتر پێویستی به‌وه هه‌یه ئه‌وروپییه‌كان به‌رهه‌مهێنانی چه‌ك په‌ره پێ بده‌ن كه ئه‌مه‌ش كاتی زیاتر ده‌خایه‌نێت و به بێ یارمه‌تییه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، دۆخی ئۆكراینا به‌رانبه‌ر رووسیا لاوازتر ده‌بێت.