سەرچاوەیەكی پۆلیس: لە بەغدا كارمەندێكی تەناهی تەواوی ئەندامانی خێزانەكەی خۆی كوشت

:: PM:08:06:03/03/2025 ‌
سەرچاوەیەكی پۆلیس رای گەیاند، كارمەندێكی هێزە تەناهییەكان لە بەغدا تەواوی ئەندامانی خێزانەكەی کوشتووە، تا ئێستەش هۆكاری رووداوەكە نەزانراوە. 

ئەمڕۆ دووشەم سێی ئاداری 2025، سەرچاوەیەكی پۆلیس بە ماڵپەڕی "شەفەق نیوز"ی عێراقیی راگەیاند، كارمەندێكی هێزە تەناهییەكان "ئەمنییەكان" لە بەغدا هەستاوە بە كوشتنی تەواوی ئەندامانی خێزانەكەی، كە هاوسەرەكەی و دوو كچ و كوڕێكن. 

سەرچاوەكە باسی لەوەیش كردووە، رووداوەكە لە ماڵەكەی خۆیدا بووە و بە دەمانچە هەمووانی كوشتووە، دواتریش خۆی رادەستی هێزەكانی پۆلیس كردووە. 

تا ئێستە هۆكاری رووداوەكە نەزانراوە، لێكۆڵینەوە دەستی پێ كردووە و تەرمی قوربانییەكانیش بۆ تەواوكردنی رێكارە یاساییەكان رەوانەی پزیشكی دادی بەغدا كراوە.


وشە - پۆڵا مەحموود