"پڕۆژەی رووناكی زۆر گرنگە و خزمەت و كارئاسانییەكی زۆر باشە بۆ هاووڵاتییان"

:: PM:10:11:08/03/2025 ‌

حەمەئەمین هەورامانی راوێژكاری وزە و سەرۆكی رێكخراوی وزە و گەشەپێدانی بەردەوام بۆ پاراستنی ژینگە، لە چاوپێكەوتنێكی "وشە"دا تیشك دەخاتە سەر لایەنە گرنگ و بەهێزەكانی پڕۆژەی رووناكی بۆ كارەبای 24 سەعاتی، باس لەوە دەكات كە پڕۆژەكە زۆر بەهێزە و كوردستان لە تەنگژەی كەمیی كارەبا رزگار دەكات، خەڵك رادەهێنێت بەپێی پێویست كارەبا بەكاربێنن.

*گرنگیی پڕۆژەی رووناكی چییە؟

ئەو پڕۆژە زۆر گرنگە و پێشتریش لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك جێبەجێ كرا، كە زیاتر بازاڕ و ناوچەكانی پیشەسازی گرتەوە و بۆ ماڵەكان نەبوو، خەڵكی ئەو شوێنانەی كە بۆیان دانرا لێی رازیی بوون، چونكە كارەباكەیان بووە بەردەوام و لە كارەبای موەلیدەش رزگاریان بوو، ئێستە هەڵمەتەكە بە فراوانی دەستی پێ كردووە و هەموو ناوچەكان دەگرێتەوە، ئەوەش خزمەت و كارئاسانییەكی زۆر باشە بۆ هاووڵاتییان.

*ئەو پڕۆژەیە چۆن كاریگەریی لەسەر سێكتەری كارەبا و چارەسەری كێشەكانی دەكات؟

ئەو كێشانەی لە رابردوو لە وەرزەكانی زستان و هاوین رووبەڕووی تۆڕەكانی كارەبا دەبوونە نامێنن، هەموو زستان و هاوینێك بە سەتان بگۆڕ "محاویلە"، دەسووتان و كێشەیان بۆ دابەشكردنی كارەبا دروست دەكرد و ساڵانە خەرجییەكی زۆر لەسەر حكوومەت دەكەوت، ئەوە نامێنێت و ئەو كێشەیە چارەسەر دەبێت، چارەسەی ونبوونی بەشێكی وزەی كارەباش دەكات كە پێشتر وزە ون دەبوو.

*لە رووی ژینگەوە كاریگەری و سوودەكانی چی دەبێت؟

ئەم پڕۆژە بە تەواوی كاریگەریی لەسەر ژینگە دەبێت، چونكە نەمانی موەلیدەی گەڕەكەكانە كە ساڵانە دووكەڵی پیسیان دەكردە هەواوە و ژاوەژاویان هەبوو و گرفتی ژینگەیان دروست دەكرد، بە هەزاران موەلیدەی گەڕەك لە هەرێم هەیە، ئەمە جگە لە موەلیدەی شوێنەكانی تر، ئەمە وای دەكرد ژینگە پیس بێت، هەر یەكەیان رۆژانە چەندین سەعات دووكەڵیان دەكرد هەواوە و ئەمەش كاریگەریی خراپی دروست دەكرد، جگە لە ژاوەژاوەكەیان.

*لە رووی گەیشتنی كارەبا بۆ شوێنە دوورەكان، كە ئەوان بە جۆرێك لە جۆرەكان بێبەش بوون لە كارەبا، لەم رووەوە سوودی چییە؟

لەم پڕۆژە هاووڵاتیش بەشدار دەبێت، بۆ ئەوانەی كە باش كارەبایان پێ نەگەیشتووە و ئەوانەی بێبەش بوون لە كارەبا یان كەمتر كارەبای نیشتمانییان هەبووە لە رابردوو بەتایبەتی شوێنە دوورەدەستەكان، وا دەكات لە دوای ئەو پڕۆژە ئەوانیش كارەبایان بە دەست بگات، پارەی موەلیدە بۆ خەڵك دەگەڕێتەوە و خەڵك یەك كارەبای دەبێت.

*باس لە گرانیی نرخی كارەباكە دەكرێت كە بۆ خەڵكی هەرێم زۆرە، چارەسەر چییە؟

راستە، ئەمە پێویستی بە پلانێك هەیە كە حیسابی جیاواز بۆ ئەوانە بكرێت كە لە رووی ماددیەوە كەمدەرامەتن، بۆ ئەوەی بە جیاواز پارەی كارەبایان بۆ حیساب بكرێت، لە وڵاتی ئێمە خێزانێكی زۆر هەیە داهاتیان دیاری كراوە، پلانێك دابنرێت كە لە سنوورێكی دیاریكراو پارەیان بۆ بگەڕێتەوە، وەك چۆن لە بەشەخۆراك ئەوانەی مووچەیان بەرز بوو حكوومەتی عێراق هەستا بەوەی بەشەخۆراكیان ببڕێت، ئەمیش پلانێكی لەو جۆرەی بۆ دابنرێت.

*ئەم پڕۆژە تا چەند گرفتی نەدانی پارەی كارەبا چارەسەر دەكات، كە بۆ خزمەتكردنی كەرتەكە خەرج دەكرێتەوە؟

لە رابردوو حكوومەت زۆر چاوپۆشی لە خەڵكی كردووە كە پارەی كارەبایان نەداوە، لەكاتێكدا كارەبا سێكتەرێكی گرنگە و بودجەیەكی تایبەتی دەوێت، ئێستەش خەڵكی كوردستان سەر و تریلیۆنێك پارەی كارەبا قەرزدارن، ئەم پڕۆژەیە قۆناغ بە قۆناغ وا دەكات ئەو گرفتە چارەسەر بكات، وەك چۆن لە سیتییەكان دەمێكە بەو جۆرەیە خەڵك سەرەتا دەچن پارە دەكەنە ناو كارتی كارەبا، واتە پێشەكی كارەبا دەدەن، ئەمیش قۆناغ بە قۆناغ بەو جۆرە دەبێت، رەنگە بە جۆرێك لە جۆرەكان حكوومەت چاوپۆشی لە قەرزەكانی رابردوو بكات، بەڵام پڕۆژەی رووناكی حیسابی جیاواز دەبێت.

*لەم پڕۆژەیە ئەگەر كەسێك گومانی هەبوو پارەی زۆری بۆ دەگەڕێتەوە، دەتوانێت داوای لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بكات؟

بەڵێ زۆر ئاساییە، بۆ نموونە كەسێك گومانی هەیە لەوەی پارەی زۆری بۆ دەگەڕێتەوە، بۆ نموونە چوار هەزار وەحدەی لە مانگێكدا سەرف كردووە كە بڕێكی زۆرە، دەتوانێت داوایەك پێشكەش بكات و لیژنەكانی سیانە بەدواداچوون دەكەن و سەیر پێوەرەكەی دەكەن بزانن گرفتی تیایە، شۆرتێك هەیە لە ماڵەكە، واتە دەتوانێت سكاڵا بكات و پشكنینی بۆ دەكرێت، یان رەنگە هەر خۆی زیادەڕۆیی كردبێت تا بەخۆیدا بچێتەوە.

*پێت وانییە ئەم پڕۆژەیە وا دەكات خەڵك بەرپرسیارانە مامەڵە بكەن و بە پێی پێویست كارەبا بەكار بێنن؟

بەڵێ زۆرێك هەن زیادەڕۆیی لە بەكارهێنانی كارەبا دەكەن، دەبێت خەڵكی ئێمە فێری ئەوە بێت، كارەبا بۆ پێویستییە نەك جوانی و زیادەڕۆییكردن، دەبێت خەڵك كە چووە ژوورێك پێویستی بوو گڵۆپە داگیرسێنێت، كە هاتە دەرەوە بیكوژێنێتەوە، هەر شتێكی تر بەردەوام پێویست بە داگیرساندن ناكات، خەڵك فێری ئیدارەدان دەبێت لە بچووكەوە بۆ گەورە، لە باوكەوە بۆ دایك و لە كچەوە بۆ كوڕ.

*پڕۆژەكە گەرەنتیی ئەوەی هەیە سبەی لە هاویندا كە زۆر گەرمە و خەڵك بەرگەی بێ كارەبایی ناگرێت نەبڕێت؟

بەڵێ روونە لەوەتەی دانراوە بۆ بازاڕەكان بڕانی كارەبا رووی نەداوە، مەگەر كێشەیەكی تەكنینكی و محاویلە و بڕانی غاز لە وێستگەكان، كە ماوەیەكی كەمە، نەك بڕانێك كە چەندین سەعاتی پێ بچێت.

دیمانە/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل