ئومێد ئەحمەد گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە میانەی دیمانەیەكی لەگەڵ "وشە" گرنگیی پڕۆژەی رووناكی روون دەكاتەوە و دەڵێت، كار بۆ ئەوە دەكرێ زۆرترین پاڵپشتی و هاریكاری بۆ خەڵكی كەمدەرامەت تێدا بێت كە بەكارهێنانی كارەبا بۆ خزمەتگوزاری و پێداویستییە سەرەكییەكان بەكار دەهێنن
گرنگی پڕۆژەی رووناكی چییە؟
گرنگی پڕۆژەكە دابینكردنی كارەبای بەردەوامی 24 سەعاتییە، هەروەها كۆنترۆڵی خواستی كارەبایە لەلایەن هاووڵاتییانەوە و كەمكردنەوەی خەرجی و بەفیڕۆچوون و سەرپێچی سەر تۆڕی كارەبایە، هەروەها كۆكردنەوەی پارەی كارەبا بۆ دابینكردنی خەرجییەكانی بەردەوامی خزمەتگوزاریی كارەبا بەشێوەیەكی بەردەوام و ستاندارد.
پێتان وایە بۆچی دژایەتیی پڕۆژەی رووناكی دەكرێت؟
بەڕاستی نازانین، بەڵام ڕەنگە هەڵە تێگەیشتن یان ئەو سەرنج و ڕەخنانەی لەسەر نرخ هەیە، ئەوەش جارێ لە ژێر توێژینەوە و وردبینیدایە و یەكلا نەبووەتەوە، بەڵام بەدڵنیایی كار بۆ ئەوە دەكرێ زۆرترین پاڵپشتی و هاریكاری بۆ خەڵكی كەمدەرامەت تێدا بێت كە بەكارهێنانی كارەبا بۆ خزمەتگوزاری و پێداویستییە سەرەكییەكان بەكار دەهێنن.
پڕۆژەكە چەند ساڵی دەوێت تا هەموو كوردستان بگرێتەوە؟
بەپێی ئەو پلان و بەرنامانەی كە دامانڕشتووە، پێشبینی دەكەین دوو ساڵی تر پڕۆژەی رووناكی بگاتە تەواوی كوردستان.
لەبارەی نرخەكەی چۆن و بە چ پێوەرێك دیاری كراوە؟
لەبارەی نرخەكەی زۆر قسە و قسەڵۆك كراوە لەملاولاوە، دیارە بە كیلۆوات نرخەكەی دەپێورێت، بەڵام هێشتا یەكلا نەبووەتەوە كە نرخەكەی چۆن و چەند دیاری بكرێت بۆ هەر كیلۆواتێك.
چۆن دڵنیایی دەدەنە هاووڵاتی كە پڕۆژەكە هەمیشەیی دەبێت و هیچ كێشەیەكی بۆ نایەتە پێش؟
دڵنیایی دەدەین كە پڕۆژەكە هیچ كێشەیەكی بۆ نایەتە پێش و هەمیشەیی دەبێت و لە خزمەت هاووڵاتییان دەبێت، بۆیە دوو ساڵ دانراوە تا بەتۆكمەیی و تەواوی هەموو كارەكانی تەواو بكرێت، هەر لە گرفتەكانی تۆڕەكە و گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هەموو جێگەكان.
چۆن خاوەن موەلیدەكان قەرەبوو دەكرێنەوە؟
خاوەن موەلیدەكان ئێستە جۆرێك لە قەرەبوو دەكرێنەوە بە میكانیزمێكی دیاریكراو و گونجاو تا پڕۆژەكە تەواو دەبێت، كە پڕۆژەكە تەواو بوو ئەوكات حكوومەت بڕیاری گونجاو لەبارەی چۆنیەتیی قەرەبووكردنەوەیان دەدات.