دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو حوسییەكانی یەمەن رایان گەیاند كە دەست بە هێرشەكانیان بۆ سەر كەشتییە بازرگانییەكان لە دەریای سوور و گەرووی بابولمەندەب دەكەنەوە، شەوی رابردوو هێزەكانی ئەمەریكا بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ هەڵمەتێكی چەند رۆژەی ئاسمانی و دەریاییان بۆ سەر حوسییەكان دەست پێ كرد، سەرۆكی ئەمەریكا فەرماندە سەربازییەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ وەشاندنی گورزی ئاسمانی بێ گەڕانەوە بۆ كۆشكی سپی سەرپشك كرد.
رۆژنامەی
"پۆلیتیكۆ"ی ئەمەریكی ئاماژەی كرد، دوێنێ شەموو ترەمپ رای گەیاند كە فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا هەڵمەتێكی هێرشی ئاسمانیان بۆ سەر چەندان ئامانجی حوسییەكان لە یەمەن دەست پێ كردووە، دووپاتی كردەوە كە رێگەی بە فەرماندە سەربازییەكانی داوە بۆ جێبەجێكردنی هێرشە سەربازییەكان بێ گەڕانەوە بۆ كۆشكی سپی.
ترەمپ لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیال نووسیویەتی، مەبەستی هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمەریكا لەناوبردنی بنكەی توندڕۆیان و فەرماندە و سیستمی بەرگریی مووشەكییەكانیانە، جیا لە پاراستنی كەشتی و فڕۆكە و پارچە سەربازییە دەریاییەكانی ئەمەریكا و كردنەوەی رێڕەوی بازرگانی دەریایی لە ناوچەكە.
بەپێی بەرپرسێكی ئەمەریكی، هێرشەكانی دوێنێی یەمەن و بەم دوایەی سۆماڵ بۆ سەر چەكدارانی بزاوی شەباب و لە سووریا لە دژی چەكدارانی داعش، ئەنجامی ئەو سیاسەتە نوێیەی ترەمپە بە سەرپشككردنی فەرماندە سەربازییەكانی بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت گورزی زیاتری ئاسمانی لە لایەن سوپای ئەمەریكا لە ناوچەكە بوەشێنرێت.