ئەو حاڵەتەی سەرئێشە مەترسیدارە

:: PM:10:31:22/03/2025 ‌

رەنگە بە هۆكاری جیاواز مرۆڤ تووشی سەرئێشە ببێت، زۆرجار سەرئێشە نیشانەی شتێكی نائاساییە لە لەش و كاتییە، بە نەمانی هۆكارەكەی ئەویش نامێنێت، جا پێویست بە ئازارشكێن بكات یان نا، بەڵام هەندێك جار ئاسایی نییە و مەترسیدارە، بەڵام چۆن ئەوە دەزانیت؟ 

د. ستیڤن ئاڵدر راوێژكاری نەخۆشییەكانی دەمار لە " Re:Cognition Health " دەڵێت، سەرئێشە یەكێكە لە نیشانەكانی گرێی سەر یان مێشك، كاتێك 50 بۆ 60%ی ئەوانەی ئەو نەخۆشیەیان هەیە تووشی دەبن، گرێی مێشك پەستان لە ناو كەلەی سەر زیاد دەكات، گۆڕانكاری لە گەیشتنی خوێن و ورووژان دروست دەكات، ئەو گرێیانە رووبەرێك لەناو سەر داگیر دەكەن، بەوەش رێگری لە هاتوچۆی شلەی دڕكەپەتك دەكەن، بەوەش پەستانی سەر مێشك زیاتر دەبێت.

جیا لەوە رەنگە گرێیەكە پەستان بخاتە سەر شانە هەستیارەكانی وەك لوولەكانی خوێن و هەستە دەمارەكان، بەوەش ئازار دروست دەكات، جیا لەوە رەنگە ببێتە هۆی پەكخستنی سووڕی خوێن لە مێشك و سەرئێشە دروست دەكات.

بە گشتی سەرئێشەی گرێی مێشك بەوە جیا دەكرێتەوە، سەرئێشەیەكی بەردەوام و بەپێی كات توندتر دەبێت، زۆر پاڵكەوتن پەستانی سەر مێشك زیاتر دەكات، بۆیە زیاتر بەیانیان لە دوای نوستن دەردەكەوێت، ئازارەكە لە ناوچەیەكی دیاریكراوە لە سەر، واتە ئەو ناوچەی گرێكەی تیادایە. 

بەپێی ئەو پزیشكە نیشانەی تریش بۆ ئەو نەخۆشییە هەن، لەوانە هێڵنج و رشانەوە و لێڵبینی و جووتبینی و نۆرەی پەركەم و لاوازی و مێروولەكردنی ماسولكەكان، زۆر كارتێنەكردنی ئازارشكێنەكانی وەك پاراسیتامۆل و ئیبۆپرۆفین و ئەسپرین و هەستكردن بە نارەحەتی و زەحمەتی قسەكردن و تا و رەقبوونی مل و هەستیاری بۆ رووناكی.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل