بەهۆی بوونی چەك لە هەموو ماڵێكی كوردستاندا لە دوو هەفتەدا 17 كەس كوژراون

:: AM:09:05:23/03/2025 ‌
لە ماوەی كەمتر لە دوو هەفتەدا 17 كەس لە باشوری كوردستان لەسەر كێشەی جۆراوجۆر كوژراون، ئەمە نیگەرانی زۆری درووست كردووە، كۆمەڵناسێكیش دەڵێت: رێژەی زۆری كوشتن لە كوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كۆمەڵگەی كوردیی چەكدارە.

ئێوارەی دوێنێ لە گوندی قاسم بەگزادەی سەربە شارەدێی شۆڕشی سەربە شارۆچكەی چەمچەماڵ، لەسەر كێشەی زەویوزار شەڕ لەنێوان دوو بنەماڵە روویداوە، بەهۆیەوە سێ كەس كوژراون، دووانیان بران و ئەوی تریش ئامۆزایانە. هەر لە شەڕەكەدا بریندارێكیش هەیە، كە برینەكەی سەختە.

هاوكات لە گوندی گۆمەزەردی سنوری شارۆچكەی بەردەڕەش، شەڕ لەنێوان دوو بنەماڵە روویدا و بەهۆیەوە پێنج كەس برینداربوون، یەكێك لە بریندارەكان بەهۆی گولـلەوە بریندار بووە و ئەوانی تریش بە دار و بەرد برینداربوون.

لە ماوەی كەمتر لە دوو هەفتەدا 17 كەس لە باشوری كوردستان لەسەر كێشەی جیاواز كوژراون، چوار كەس لە سنووری پارێزگای هەولێر، نۆ كەس لە سنووری سلێمانی و سێ كەسی تریش لە سنووری پارێزگای كەركووك .

ئەم رێژە زۆرەی كوژران و برینداربوون و نیگەرانی زۆری دروست كردووە بەتایبەت كە لەمانگی رەمەزاندا مرۆڤی موسڵمان پێویستە كێشەكانی وەلانێ و بیر لەچارەسەری ئاشتی بكاتەوە.

بەڵام لەماوەی كەمتر لە دوو هەفتەدا 17 كەس لە باشوری كوردستان كوژراون و شەڕی بنەماڵەكان بووەتە جێی باسی میدیاكان.
قاسم سەرهەد كە ماستەری لەكۆمەڵناسیدا هەیە پێی وایە ئەم كێشانە بەشێكی پێوەندی بە تۆخ كردنەوەی خێڵا و عەشیرەتە لەكوردستاندا، ئێستە هەموو كەس خۆی لەسەر بنەماڵە و خێل و عەشیرەتێك ساقكردووەتەو بەوەش پێی وایە بۆ كاتی كێشە هێزێكی گەورەی لەپشتە، هاوكات هەر بنەماڵەیەك خۆی بەهێزتر دەكات لەبەرانبەر بنەماڵەكانی تر.

ئەو كۆمەڵناسە كە ماستەری لەسەر توندوتیژی هەیە  بۆ"وشە" گوتی،  بەشێكی ئەو كێشانەش پێوەندی بەكێشە ئابووریەكانەوە هەیە، چونكە وادەردەكەوێت بەشی زۆری ئەو شەڕانە لەسەر زەوی زارە.

بەبڕوای قسم كێشەی گەورەش ئەوەیە كۆمەڵگەی كوردی زۆرینەی چەكدارە، جا لەسلكی پێشمەرگە بێت یان دەزگا تەناهییەكانی تر، ئەمە وای كردووە هەموو كەس چەكی هەبێت و هەر كەسێكیش تووشی كێشەهات یەكڕاست بەچەك یەكلای بكاتەوە.

ئەو كۆمەڵناسە بوونی چەكی لەزۆرینەی ماڵی خێزانی كورددا بەگەورەترین كارەسات داناوە و پێی وایە ئەم شەڕ و كوشتارانە بەڕێژەی جیاجیا بەردەوام دەبن، چونكە هەموو كەس چەكی هەیە و هەركەسیش كێشەی هەبوو پەلاماری چەك دەدات و لە ئەنجامیشدا بەهۆی بوونی چەكەوە بچوكترین كێشە بەكارەسات كۆتایی دێت.



وشە - سۆران عەزیز