پەڕلەمانتاران حەج و عومرەشیان لەسەر بودجەی گشتییە و بەپێی ئامارێك پەرستشی پەرلەمانتاران سێ ملیار دینار لەسەر دەوڵەتی عێراق كەوتووە.
ماڵپەڕی "مەدا" لەرێگەی سەرچاوەیەكەوە بڵاوی كردەوە زۆربەی پەرلەمانتاران لەسەرەتای مانگی ڕەمەزانەوە لەدەرەوەی عێراقن.
وەك ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: "زۆربەی پەرلەمانتارانی عێراق لە عومرە و سەردانی كەسوكاریانن لە توركیا و ئوردن و ئەوروپا، ئەوانەشی ماونەتەوە هەندێك لە پەرلەمانتارانی شیعەن، كە ئەوانیش پێش ئاڵۆزبوونی دۆخی ناوچەكە لەم چەند ڕۆژەی دواییدا لە تاران و بەیروت بوون بۆ پشوودان".
ساڵی ڕابردوو پێگەی مەدا ئەوەی ئاشكراكردبوو، نزیكەی 80 پەرلەمانتاری عێراق سەردانی سعودیەیان كردووە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، لەكاتێكدا خەڵك چاوەڕێی ئەوەبوو بودجە یەكلا بكرێتەوە. بەوەش پەرلەمان پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی كارەكانی پەكیكەوتووە.
رەحیمە جبوری ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: پەرلەمان دوای ڕەمەزان دەست بە دانیشتنەكانی دەكاتەوە، چونكە ئێستە پەرلەمانتاران خۆیان تەرخان كردووە بۆ پەرستش".
بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە پەرستشی پەرلەمانتاران بەتەواوەتی خەرجییەكەی لەسەر دەوڵەتی عێراق نزیكەی سێ ملیار دینار كەوتووە، ئەویش تەنیا لەمانگی ڕەمەزاندا، بە ڕێژەی هەشت ملیۆن دینار بۆ هەر پەرلەمانتارێك دابین كراوە.
ئەمە لەكاتێكدا پێشتر سەرۆكی پەرلەمان رای گەیاند، بەهۆی دەوام نەكردن و پشووی زۆری پەرلەمانتاران ئەو مانگە مووچەكانیان نادەینێ، بەڵام تا ئێستە نازانرێت ئایا سەرۆكی پەرلەمان بەپێی یاسا دەتوانێت مووچەی پەرلەمانتاران رابگرێت.