ئەو بانكەی لە سلێمانی پارەی دڕاوی دەدایە مووچەخۆران دەسەڵاتی لێ‌ سەنرایەوە

:: AM:10:51:23/03/2025 ‌
بە بڕیاری ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەسەڵاتی دابەشكردنی مووچە و تەمویلی پارە لە بانكی ناوەندی هەرێم لقی سلێمانی وەرگیرایەوە و درا بە بانكی ئاشتی لە شارەكەدا. 

لقی سلێمانی بانكی ناوەندی هەرێم، كۆمەڵێك دەسەڵاتی دارایی هەبوو، لەوانە كۆكردنەوەی داهاتی ناوخۆی و تەمویلكردنی پارە بۆ بانكەكانی تر و ناردنی پارەی مووچە بۆ مووچەخۆرانی بانكەكانی تر، بەڵام سەرجەم ئەو دەسەڵاتانەی لە ڕێی بڕیارێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری لێ‌ سەنرایەوە. 

بە گوێرەی بە دواداچوونەكانی "وشە" لەماوەی رابردوودا، ئەو بانكە تەموویلی مووچەی فەرمانبەرانی بۆ بانكەكانی تر بە پارەی داهاتی ناوخۆ كردووە، واتا ئەو پارەی لە بەغداوە دێ‌ گلی داوەتەوە و پارەی دەستی خەڵكی لە داهاتی ناوخۆ داوەتەوە مووچە، لەكاتێكدا هەموو ئەو پارەیە كۆن و دڕاون، ئەوەیش نیگەرانی لێ‌ كەوتبووەوە. 

ئەو نیگەرانییانەی لە سنووری سلێمانی لە خراپی پارەی مووچە هەبوو، راستەوخۆ پێوەندی بەو بانكەوە هەبووە، چونكە پارەی نوێی نەدەدا و پارەی داهاتی ناوخۆی دەخستەوە ناو پارەی مووچە. بۆیە تەواوی دەسەڵاتەكانی لێ‌ سەنرایەوە و درایە بانكی ئاشتی.

ئەو بانكە لەماوەی رابردوودا دەسەڵاتی كۆكردنەوەی داهاتی ناوخۆیشی هەبووە، بەڵام بەگوێرەی بڕیارەكە ئەو دەسەڵاتەیشی لێ‌ وەرگیراوەتەوە. 



وشە - وشه‌