" حكوومەتی سەرانسەری مژدەی جەژن دەبێت بۆ خەڵك"

:: PM:02:36:23/03/2025 ‌
بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان رای دەگەیەنێت، پارتی و یەكێتی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ گەیشتوونەتە خاڵی كۆتایی و دەبێتە مژدانەیەكی خۆش بۆ خەڵكی خۆمان بۆ جەژن و حكوومەتێكی سەرانسەری دەبێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 23ی ئادار، كرمانج عزەت بەرپرسی لقی 26ی گوڵانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دەڤەری باڵەكایەتی، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوەی مژدەی خۆشە لە نەورۆز و لە جەژنی رەمەزان، نزیكبوونەوەی زۆر هەیە بۆ گەیشتن بە خاڵەكۆتاییەكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی ھەرێمی كوردستان و ئەوەش باشترین جەژنانەیە.

روونیشی كردەوە كە دۆخی ناوچەكە پێویستیی  بەو ھەنگاوە خێرایانە ھەیە و پێكھێنانی حكوومەت بەرنامەیەكی زۆر فراوانە و پڕۆژەی خزمەتگوزاری زۆر گەورە لە بەرنامەی كاری كابینەی 10یەم دەبێت.

ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد كە حكوومەتی ئەمجارە سەرانسەری دەبێت و  یەك هێزی پێشمەرگە و یەك پەرلەمان و یەك حكوومەت و یەك ھەرێمە و بڕیارەكە بەوشێوەیە و "ئەوە دەبێتە سەرەتایی ھێوركردنەوەی ئەو دۆخەی ھەیە كە لە ڕابردوو زەرەری لێداین".

وشە/ بڵند ئیبراھیم



وشە - سه‌رخێڵ هاشم