ئەمڕۆ
هەواڵی کۆچی دوایی "دو هۆچن"ی تەمەن 103 ساڵ، لە ماڵەکەی خۆیدا لە پارێزگای کویتشۆ لە باشووری ڕۆژئاوای چین بڵاو کرایەوە، کە زیاتر لە 80 ساڵ چاوەڕێی گەڕانەوەی هاوسەرەکەی بوو.
دو هۆچن پێش مردنی، بەرگە سەرینێکی کۆنی هەڵگرتبوو کە لە ڕۆژی هاوسەرگیرییەکەیدا لە ساڵی 1940 بەکاریهێنابوو، ئەمەش وەک هێمایەک بۆ دڵسۆزی بۆ هاوسەرەکەی "هوانگ جونفو" کە سێ ساڵ لە خۆی بچووکتر بوو.
ئەو دووانە لە کاتی جەنگدا هاوسەرگیرییان کرد، هەر زوو هوانگ پێوەندیی بە سوپای کومیتانگەوە دەکات، دواتر و لە ساڵی 1943دا دو هۆچن توانی هاوسەرەکەی بدۆزێتەوە و لە کاتی خزمەتی سەربازییدا لەگەڵیدا بمێنێتەوە ببنە خاوەنی کوڕە تاقانەکەیان بە ناوی هوانگ فاشانگ لە ساڵی 1944.
بەڵام ئەو خۆشییە تەمەنی کورت بوو، چونکە هوانگ جونفو دوای ماوەیەکی کەم ماڵەکەی بەجێهێشت و هەرگیز نەگەڕایەوە، دوایین نامە کە دو هۆچن لێی وەرگرتبوو، ڕێکەوتى 15ی کانوونی دووەمی 1952 بوو، کە تێیدا نووسیبووی، "لەپێناو پەروەردەی فاشانگدا، دەبێت گرنگی بە خوێندنەکەی بدەیت. هەرچەندە بارودۆخی خێزانەکەش قوورس بێت، ڕۆژێک دێت کە جارێکی تر یەکتر ببینینەوە".
ژنەکە لە نەبوونی هاوسەرەکەیدا ژیانێکی سەختی بەسەر بردووە، بە ڕۆژ لە بواری کشتوکاڵدا کاری دەکرد و شەوانیش پێڵاو و جل و بەرگی چنیوە بۆ دابینکردنی بژێویی خێزانەکەی، سەرەڕای چەندان پێشنیاری هاوسەرگیری، دو هۆچن هەموویانی ڕەت کردەوە و هەمیشە گوتوویەتی: "ئەی ئەگەر ڕۆژێک بگەڕێتەوە چی؟".
دو هۆچن و خێزانەکەی هەوڵی زۆریان دا بۆ دۆزینەوەی هوانگ، لەوانە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە لە ڕۆژنامەکان و پێوەندیکردن بە دەزگا بیانییەکانەوە، بەڵام هەموو هەوڵەکان شکستیان هێنا.