وەزیری تەندروستیی عێراق ئاشكرای دەكات، ژمارەی ئەو كەسانەی بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی ڕوو لە دەرەوەی وڵات دەكەن، بەڕێژەی 60% كەمی كردووە و پلانیان داناوە كە رێژەكە بگەیەننە سفر.
ساڵح مەهدی حەسناوی وەزیری تەندروستیی عێراق رای گەیاند: یەكێك لە گرنگترین ئەو دەستكەوتانەی وەزارەتەكەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەدەستی هێناوە، جیاواز بووە لە ساڵانی پێشوو، كەمكردنەوەی ژمارەی ئەو نەخۆشانەیە كە بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی، روو لە دەرەوەی وڵات دەكەن بەڕێژەی 60%.
كۆی ئەو نەخۆشانەی لە ناوخۆی عێراقدا لەلایەن تیمە پزیشكییە بیانییەكانەوە چارەسەر كراون، گەیشتووەتە 874 نەخۆش، لەو ژمارەیەش 435 نەخۆش ناوەندەكانی تەندروستییان بەجێهێشتووە و بەتەندروستیی باشەوە گەڕاونەتەوە ماڵەوە.
وەزیری تەندروستی گوتیشی: وەزارەتی تەندروستیی عێراق پلانی بۆ ساڵانی داهاتوو داناوە كە ئەو هاووڵاتییانەی بۆ وەرگرتنی چارەسەرە تەندروستییەكان روو لە دەرەوەی وڵات دەكەن، كۆتایی پێ بهێنێت، ئەویش لە ڕێگەی باشتركردنی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان لە نەخۆشخانەكانی كەرتی گشتیدا.
وەزیری تەندروستیی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، بەردەوام دەبن لەسەر دروستكردنی نەخۆشخانە تایبەتمەندەكانی شێرپەنجە و سەنتەرەكانی چارەسەری نەخۆشییەكانی دڵ، لەگەڵ دابینكردنی كەرەستە و ئامێرە مۆدێرنەكان، بێجگە ئەمانەش، بەهاوكاریی دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان و پێڕەوكردنی سیاسەتی نوێ بۆ بەكارهێنانی دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان، گرنگیی زیاتر بە نەخۆشەكان دەدەن.