سەرۆك بارزانی پەیامێكی سەرەخۆشیی بڵاو كردەوە

:: PM:08:27:25/03/2025 ‌
سەرۆك بارزانی بەبۆنەی كۆچی دوایی خەباتگێڕ و تێكۆشەری كورد "بابێ نەوزاد"، پەیامێكی سەرەخۆشیی ئاڕاستەی كەسوكاری خوالێخۆشبوو كرد و ئاماژەیشی دا، خوالێخۆشبوو كەسایەتییەكی نیشتمانپەروەری رۆژئاوای كوردستان بووە و تەمەنی خۆی بۆ خەبات لە پێناو دۆزی رەوای گەلی كوردستان لە سووریا تەرخان كردبوو. 

دەقی پەیامەكەی سەرۆك بارزانی: 
پەیامی سەرەخۆشیی سەرۆك بارزانی بۆ كۆچی دوایی بابێ نەوزاد
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
بەداخێكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی خەباتگێڕ و تێكۆشەری كورد (عبدالرحیم عصمت وانلی ناسراو بە بابێ نەوزاد)ـم پێ گەیشت. خوالێخۆشبوو (عبدالرحیم عصمت وانلی) كەسایەتیی نیشتیمانپەروەری ڕۆژئاوای كوردستان تەمەنی خۆی بۆ خەبات لەپێناو دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان لە سووریا و لە ڕیزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان – سووریا تەرخان كرد و لەو ڕێگەیەدا تووشی زیندان و دەربەدەری و ئاوارەیی بوو.
پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی بنەماڵە و كەسوكاری خوالێخۆشبوو (عبدالرحیم عصمت وانلی) و هەڤاڵ و هاوسەنگەرانی لە پارتی دیموكراتی كوردستان – سووریا دەكەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم.
لە خودای گەورە داواكارم ڕۆحی خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت.
انا لله و انا الیە راجعون
مسعود بارزانی
25ی ئاداری 2025


وشە - پۆڵا مەحموود