هێز و میلیشیا شیعەكانی عێراق بەرانبەر بە هەڕەشە و گوشارەكانی ئەمەریكا نەرمی دەنوێنن و بڕیار دەدەن تەواوی میلیشیاكانیان بخەنە سەر حەشدی شەعبی و پابەندی فەرمانەكانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان بن، لەسەر دەستنەبردن بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و دەستبەرداربوون لە هێرشەكان لە دەرەوەی سنووری عێراق رێك دەكەون.
هەفتەی رابردوو لە دوای دەست پێكردنی هەڵمەتی سەربازیی ئەمەریكا لە دژی حوسییەكانی یەمەن، چەند میلیشیایەكی عێراقی رایان گەیاند كە دەست بە هێرش بۆ سەر ئیسرائیل دەكەنەوە، وەزیری بەرگریی ئەمەریكال بە تەلەفۆن هەڕەشەیەكی توندی لە سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد بەوەی هەر جموجۆڵێكی میلیشیاكان گورزی كاریگەری سەربازی بەدواوەیە و دەبێت میلیشیاكان بێنە هەڵوەشاندنەوە، هەفتەی رابردوو فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران گەیشتە بەغدا و لەگەڵ هێز و میلیشیا شیعەكان كۆبووەوە، شەوی رابردووش چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە كۆبووەوە و چەند بڕیارێكی دا.
چەند س
ەرچاوەیەكی ئاگەداری سیاسی ئاماژەیان كرد، هێزە سەرەكییەكانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە دوای گفتوگۆیەكی چڕ لەگەڵ سەركردەی میلیشیاكان، گەیشتنە رێككەوتن لەسەر دوورخستنەوەی حەشدی شەعبی لە دۆسیەی سیاسی و یەكخستنی هەموو میلیشیاكان لەگەڵ حەشدی شەعبی، هەر هەمووشیان بكەونە ژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، جیا لەوە هیچ لەو گرووپ و میلیشیایانە لە دەرەوەی فەرمانی سەربازی كار ناكەن، ئەو رێككەوتنەش لە دوای پشووەكانی جەژنی رەمەزان دێتە جێبەجێكردن.
رێككەوتنەكە باسی ئەوەش دەكات هەر كەسێك بەدەر لە فەرمانەكانی دەوڵەت كاری سەربەخۆ بكات و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا بكاتە ئامانج، یان لە دەرەوەی عێراق بە ناوی پاڵپشتیكردنی فەلەستینییەكان هێرش و چالاكی بكات، سزای بەدواوە دێت تا ئاستی گرتن.