"وشە" دەقی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی لێخۆشبوون لە گەڕاندنەوەی پارەی پێشینەی هاوسەرگیریی ماوە بۆ سوودمەندانی كەمئەندام بڵاو دەكاتەوە، کە لە بڕیارەكەی ئەنجوومەنی وەزیراندا هاتووە، وەزارەتی دارایی و ئابووری و وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى رێنوێنی پێویست بە مەبەستی ئاسانكاری جێبەجێ كردنی بڕیارەكە دەردەكەن.
بەپێی بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 276 لە 12ی ئەم مانگە هاتووە، پشتبەست بە حوكمەكانی مادەی هەشتەم لە یاسای ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان - عێراق، ژمارە سێی ساڵی 1992ی هەمواركراو، لەسەر پێشنیاری وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بە نووسراویان ژمارە n24-898 لە 2024/10/6 و نووسراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری ژمارە 16536 لە 2024/12/16 و ئاماژە بە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 148 لە 12ی ئاداری 2025، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا بە:
یەكەم: لێخۆشبوون لە گەڕاندنەوەی بڕە پارەی پێشینەی هاوسەرگیریی ماوە بۆ سوودمەندانی كەمئەندامان كە پێش ساڵی 2013 پێشینەی هاوسەرگیرییان وەرگرتووە.
دووەم: گشت وەزارەت و لایەنەكانی نەبەستراو بە وەزارەت ئەم بڕیارە جێبەجێ دەكەن لە رۆژی دەرچوونییەوە و لە رۆژنامەی "وەقایعی كوردستان" بڵاو دەكرێتەوە.
سێیەم: وەزارەتی دارایی و ئابووری و كار و كاروباری كۆمەڵایەتی رێنوێنی پێویست بۆ ئاسانكاری جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە دەردەكەن.