رۆژنامەی "وەتەن"ی سووری بڵاوی كردووەتەوە، موفتیی پێشووی سووریا هاتە گرتن كە نووسراوی گرتنی لەلایەن وەزارەتی دادی ئەو وڵاتە بۆ دەركرابوو. لەناو فڕۆكەخانەی دیمەشق لەلایەن هێزە تەناهییەكانەوە گیرا.
پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ پێنجشەم 27ی ئادار بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی رۆژنامەی "وەتەن"ی سووری، ئەحمەد بەدرەدین حەسوون كە لە سەردەمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد سەرۆكی رووخاوی سووریا، موفتیی ئەو وڵاتە بووە. بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دادی سووریا بۆ گرتنی، لەناو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق لەلایەن هێزە تەناهییەكانەوە هاتە گرتن.
رۆژنامەكە باسی لەوە كردووە كاتێك موفتیی پێشووی سووریا ویستوویەتی لە رێگەی ئەو فڕۆكەخانەیەوە وڵات جێبێڵێت، هێزە تەناهییەكان گرتوویانە.
پێشتر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا وێنەی ئەحمەد بەدرەدین حەسوون لە شاری ستراسبۆرگی فڕەنسی بە فراوانی بڵاو كرایەوە، گوایە لە دوای رووخانی رژێمەكەی بەشار ئەسەد، ئەویش بۆ فڕەنسا هەڵاتووە، بەڵام دواتر دەركەوت وێنەكە هی ساڵی 2007ـە.
ئەو موفتییەی پێشووی سووریا "ئەحمەد بەدرەدین حەسوون" بەوە دەناسرێتەوە لە سەرجەم بۆنە ئاینییەكاندا، لە تەنیشتنی بەشار ئەسەد دەردەكەوت. باس لەوەش دەكرێ كە زۆرجار بۆ بەرژەوەندیی رژێمی پێشووی سووریا، فەتوای داوە.