سعوودیە: ئێوارەی شەموو چاودێریی بینینی هیلال بكەن

:: PM:08:23:27/03/2025 ‌

خەریكە مانگی رمەزانی ئەمساڵ كۆتایی دێت، لەوكاتەی ناوەندە فەلەكناسییەكان ئاماژە دەكەن كە ئەگەری زۆرە یەكشەمی داهاتوو یەكەم رۆژی جەژن بێت، سعوودیە وەك ناوەندێكی سەرەكیی ئیسلامی و شەرعی داوا لە خەڵك دەكات ئێوارەی شەموو چاودێریی بینینی هیلالی مانگی شەوال بكەن.

بەپێی دەقە ئاینییەكان مانگی رەمەزان و بەرۆژووبوون لە ساتی بینینی هیلالی مانگەكە دەست پێ دەكات و لە ساتی دەركەوتنی هیلالی مانگی شەوال كۆتایی دێت و رۆژانی سەرەتای ئەم مانگە دەبێتە جەژنی رەمەزان، كەچی ئێستە ئامرازەكانی فەلەكناسی و تەلەسكۆبەكان ئەوەندە پێشكەوتوون زووتر پێشبینیی كاتی دروستبوون و دەركەوتنی هیلالەكە دەكەن.

دادگای باڵای سعوودیە داوا لە موسڵمان لە تەواوی ئەو وڵاتە دەكات بۆ چاودێریكردنی بینینی هیلالی مانگی شەوال لە ئێوارەی رۆژی شەمووی داهاتوو 29ی مانگی رەمەزان و ئادار، بۆیە ئەوانەی بە چاوی ئاسایی یان بە دووربین دەیبینن، بە نزیكترین دادگای رابگەیەنن، یان پێوەندی بە نزیكترین ناوەندەوە بكەن بۆ یارمەتیدانیان بۆ گەیاندنیان بە نزیكترین دادگا.

لە 11ی ئەم مانگە پەیمانگەی نیشتمانیی توێژینەوەی فەلەكناسی و جیۆفیزیكی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵای میسر، پێشبینیی وادەی بینینی هیلالی مانگی شەوالی كرد، بەوەی هیلالی مانگی شەوال لە سەعات 1:00ی نیوەڕۆ بە كاتی قاهیرە لە رۆژی شەموو 29ی رەمەزان، دەكاتە 29ی ئاداری 2025 لەدایك دەبێت و لە دوای خۆرئاوابوون ماوەی حەوت خولەك بە ئاسمانی شاری مەكە و 11 خولەكیش بە ئاسمانی شاری قاهیرە دەمێنێتەوە، واتە شەوی بینینی مانگ.

پەیمانگەكە سەبارەت بە بینینی هیلالی مانگی شەوال و جەژن لە ناوچەكانی تر گوتی، لەو ناوچانە لە شەوی 29ی ئادار هیلالی مانگی شەوال دەبینرێت، لە مۆریتانیا و مەغریب و جەزائیر و توونس و لیبیا و سوودان و توركیا و ئوردن و سووریا و ئێران و سعوودیە و فەلەستین و عێراق و كوێت و باشووری ئەفریقیا و بەحرێن و قەتەر و ئیمارات و عەمان و پاكستان و ئەندەنووسیا و ئەمەریكا و بەریتانیا و رووسیا و پیڕۆ و بەرازیل.

بەو پێیەش رۆژی یەكشەم 30ی ئاداری 2025 دەبێتە سەرەتای مانگی شەوال و یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزان.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل