لە ئاینی ئیسلامدا هاتووە ئەوەی بیەوێ بانگ بدات بۆ نوێژكردن و خوداپەرستی، دەبێت بانگدەر دەنگی خۆش بێت، ئەگەر نا بە گوناه هەژمار دەكرێت. بۆ ئەوەیش بانگدان لەسەر پەیژەی مەقامەكان دەدرێت و بۆ بانگدەر گرنگە شێوەی مەقامەكان بزانێت تا بزانێ لە هەر كاتێكی بانگداندا چ مەقامێك دەخوێنێت. پێگەیەكی ئەلیكترۆنیی عەرەبی لەوبارەیەوە هەندێك زانیاریی بڵاو كردووەتەوە.
پێگەی ئەلیكترۆنیی رۆژنامەی رۆژانەی "ئەهرام"ی میسری، باس لەوە دەكات كە خوێندنی بانگدان لەسەر شێوە مەقامەكان دەبێت و بۆ ئەوەیش پێویستە كەسی بانگدەر دەنگی خۆش بێت و شارەزایی لە مەقامەكان هەبێت، زانایانی ئاینی بۆ بانگدان باسی ژمارەی ئەو مەقامانە دەكەن كە دەخوێنرێن، هەندێك بە شەش مەقام و هەندێك بە حەوت و هەندێكی تریش بە نۆ مەقام باسی دەكەن، بۆیە لەبارەی مەقامەكانەوە ئاماژە بە هەندێك مەقام بۆ بانگدان دەكەن و هۆكاری جۆری مەقامەكەیش دیاری دەكەن.
مەقامی "سەبا" لەبەرئەوەی مەقامێكی پڕ لە خەم و هاوكات سۆزدارە، زیاتر لە بانگی بەیانیان دەخوێنرێت، چونكە ئەوكاتە دنیا هێمن و كشوماتە. مەقامی "راست"یش زیاتر لە كاتی نوێژی نیوەڕوان دەخوێنرێت، لەو كاتەدا مرۆڤی مسوڵمان هەست بە ئاسایشی خۆی دەكات و هاوكات كاتی كاركردنە و بەو بانگدانە هەست بە ئاسوودەیی و ئارامی دەكات.
مەقامی "حیجاز" كە بە زۆریی لە نوێژی عەسران بانگدانی پێ دەخوێنرێت، چونكە ئەو مەقامە جیالەوەی بەشێك لە خەمی تێدایە، بەڵام زیاتر مەقامێكی سۆزدارە، مرۆڤ بە گوێگرتنی هەست بە بیركردنی شوێنە پیرۆزەكان دەكات و بەوەیش ئارامیی پێ دەبەخشێت. مەقامی "سێگا"یش زیاتر لە كاتی نوێژی ئێواران لە بانگداندا دەخوێنرێت، بەتایبەتی كە كاتی رۆژئاوابوونە، مرۆڤی مسوڵمان تووشی رامان لەگەڵ فریشتەكانی خوادا دەبێت و بۆ ئەوەیش بەهەمانشێوە دەروونی ئارامتر دەبێت.
مەقانی "بەیات" كە زیاتر ئەو مەقامە لە كاتی نوێژی عیشادا دەخوێنرێت، لەو مەقامانەیە زۆر بەئاسانی كاریگەریی سۆزداری دەكاتە دروونی مرۆڤ، بۆ بانگدانیش زیاتر وڵاتانی شام و میسر بەكاری دێنن، لە عێراق و كوردستانیشدا بایەخ بەو مەقامە لە بانگداندا دەدرێت، لە گوێگرتنی مرۆڤ هەست بە دڵخۆشی دەكات و ئارام و ئاسوودە دەبێت. مەقامی "نەهاوەند"یش چونكە مەقامێكی ئاسان و خۆشە، گوێگر هەست بە رۆحانیی خوداپەرستی دەكات، هەندێك لە بانگدەران زیاتر لە نوێژی بەیانیان دەیخوێنن.
مەقامی "سەبا زەمزەم" كە لقێكە لە مەقامی "سەبا" بەهەمانشێوە زۆربەی بانگدەران لە كاتی نوێژی بەیانیان دەیخوێنن، چونكە مەقامێكی خەمگینە. مەقامی "كورد"یش كە ئەویش مەقامێكی ئاسان و خۆشە و سۆزدارە، لە زۆربەی وڵاتان لە سەرجەم فەرزەكانی نوێژدا دەخوێنرێت. دواتریش ئاماژە بە مەقامی "عەجەم" كراوە كە پەیژەكانی ئەم مەقامە زیاتر رۆژئاواییە، ئەویش بەهەمانشێوە لە سەرجەم فەرزەكانی نوێژدا دەخوێنرێت، بە گوێگرتن لەو مەقامە، مرۆڤ هەست دڵخۆشی و ئارامیدا دەكات و هەست دەكات لە ئاسایشدا ژیان بەڕێ دەخات.