له یه‌كێك له نه‌خۆشخانه‌كانی له‌نده‌ن، بۆ یه‌كه‌م جار منداڵێكی كچ له منداڵدانێكی چێندراو له دایك بوو كه ژنێك پێشكه‌شی خوشكه‌كه‌ی كردبوو.
منداڵه‌كه به ئێمی ناو نراوه و ''بی بی سی'' بڵاوی كرده‌وه، 27ی شوباتی ئه‌مساڵ منداڵه‌كه له نه‌خۆشخانه‌ی شاژنه شارلوتی له‌نده‌ن له دایك بووه. ئه‌م له‌دایكبوونه دوو ساڵ دوای ئه‌وه دێت كه گریس دێڤیدسۆنی دایكی له‌لایه‌ن خوشكه گه‌وره‌كه‌ی، منداڵدانی پێشكه‌ش كرابوو.
دایكی ئێمی گوتی، ''ئه‌وه‌ی خوشكه گه‌وره‌كه‌م پێشكه‌شی كردم، گه‌وره‌ترین دیارییه كه كه‌سێك ده‌توانێت پێشكه‌شی كه‌سێكی تری بكات.''
ئه‌و دڵخۆشیی خۆی ده‌ربڕی به‌و پێشكه‌وتنه‌ی له زانستی ته‌ندروستی رووی داوه، هیوای خواست ئه‌و ژنانه‌ی كێشه‌ی منداڵدانیان هه‌یه و ناتوانن منداڵیان ببێت، به‌و رێگه‌چاره‌یه ئاره‌زووه‌كه‌یان به‌دی بهێنن.
باوكی ئێمی له كاتێكدا فرمێسك له چاوه‌كانی ده‌ڕژایه خواره‌وه، به میدیاكانی گوت، زیاتر له 10 ساڵ بوو ئه‌و ئاره‌زووه‌یان هه‌بوو و ئێسته به‌لایه‌وه سه‌یره بووه‌ته باوكی منداڵێك.
ژنه‌كه كێشه‌ی هێلكه‌دانی نه‌بووه، ته‌نیا كێشه‌ی منداڵدانی هه‌بووه، بۆیه‌ش كاتێك منداڵدانه‌كه‌ی بۆ چێندراوه، ئه‌و كێشه‌یه‌ی چاره‌سه‌ر بووه و هاوشێوه‌ی هه‌ر ژنێكی ئاسایی دووگیان بووه.
گریس یه‌كه‌م ژنی به‌ریتانییه كه به‌م شێوه‌یه ده‌بێته دایك و له‌لایه‌ن خوشكیه‌وه منداڵدانی پێشكه‌ش ده‌كرێت. خوشكه‌كه‌ی پێشتر دووجار سوودی له‌و منداڵدانه‌ی وه‌رگرتووه و دوو كچی هه‌یه، یه‌كێكیان ته‌مه‌نی 10 ساڵان و ئه‌وه‌ی تریان شه‌ش ساڵه.
پرۆفیسۆر ریچارد سمیت راوێژكاری نه‌شته‌رگه‌ریی ژنان گوتی، له‌دایكبوونی ئێمی به‌رهه‌می 25 ساڵ توێژینه‌وه‌ی زانستییه.
یه‌كه‌م چاندنه‌وه‌ی منداڵدان له ساڵی 2013 له سوید كراوه، له‌و كاته‌وه سه‌رووی 100 منداڵدان له ته‌واوی وڵاتانی دنیا چێندراون كه به‌هۆیانه‌وه 50 منداڵ له دایك بوون.