چۆن پێناسە گومرگییەکانی ترەمپ ڕاستەوخۆ دەچنە گیرفانی چینەوە؟

:: PM:02:04:08/04/2025 ‌
دوای دوو گەشت بۆ چین لە چوار مانگی ڕابردوودا، هەوڵم داوە ئەوەی دەیزانم بە هەمووان بڵێم چونکە زۆر کەس هەن تێناگەن.
کۆڤید کاریگەریی خراپی لەسەر تەندروستی و مردنی مرۆڤ هەبوو، بەڵام کاریگەریی خراپیشی لەسەر توانای ئێمە بۆ تێگەیشتن لە چین هەبوو. بەڕێوەبەرانی بازرگانیی ئەمریکی و ئەوروپی لە سەرەتای پەتاکەدا بە کۆمەڵ چینیان جێهێشت. زۆر کەم لەوان دوای ئەوە گەڕانەوە. ئەوان کارەکانی ناو چینیان سپارد بە بەڕێوەبەرانی خۆجێیی. لەو کاتەوەی ئەوان لەوێ نەمان، پەکین بازدانێکی گەورەی بەرەو پێشەوە نا لە پیشەسازی پێشکەوتوودا، کە جیهان ئەوەی لە دەست دا. چین ئامێرێکی بەرهەمهێنانی وای دروست کردووە کە لەوانەیە وێنەی لە مێژوودا نەبووبێت.

گەشەی ئابووریی چین لە ساڵی 2000ەوە سەرووی 6% بووە و بەرهەمهێنانی ئەو وڵاتە گەیشتووەتە یەک لەسەر سێی جیهان. جا ئەگەر باسی ئۆتۆمبێل یان ڕۆبۆت یان تەلەفۆن بکەیت، ئەوەی ئەمڕۆ لە چینەوە دێتە دەرەوە تەنیا هەرزانتر و خێراتر نییە، بەڵکوو هەرزانتر، خێراتر، باشتر و زیرەکتریشە  و هەمووی خەریکە پرۆسەکەی بەهێز دەکرێت بەهۆی پەلەکردنی چین بۆ دانانی ژیریی دەستکرد لە هەموو شتێکدا کە دروستی دەکات.

ئەم ئامێرە بەرهەمی دەیان ساڵ وەبەرهێنانی گەورەی حکوومەتە لە بواری پەروەردە، ژێرخان و ''توێژینەوە لە پشت دیوارەکان و بە پارێزراوی''. لە کۆمەڵگەیەکدا کە خەڵک ئامادەن لە سەعات نۆی بەیانییەوە تا نۆی ئێوارە، شەش ڕۆژ لە هەفتەیەکدا کار بکەن. لە کاتێکدا چین ئەمەی دەکرد، ئەمریکا خەریکی جەمسەرگیریی سیاسی و ئاڵوودەکردنی منداڵەکانی بوو بە تیکتۆک و ئینستاگرام.

داتای نوێی بانکی ناوەندیی چین ئەوە نیشان دەدات کە بانکە کۆنترۆڵکراوەکانی دەوڵەت لە چوار ساڵی ڕابردوودا 1.9 تریلیۆن دۆلاری زیادەیان بە قەرز بە وەبەرهێنەرانی پیشەسازی داوە. لە کەنارەکانی شارەکان لە سەرانسەری چیندا، شەو و ڕۆژ کارگەی نوێ دروست دەکرێن، و کارگە بەردەستەکان بە ڕۆبۆت و ئۆتۆمەشین پێش دەخرێن. وەبەرهێنان و پێشکەوتنەکانی چین لە بەرهەمهێناندا شەپۆلێکی هەناردەکردنی بەرهەم دروست دەکات کە هەڕەشە لە داخستنی کارگەکان و دەرکردنی کرێکاران دەکات نەک تەنیا لە وڵاتە یەکگرتووەکان بەڵکو لە سەرانسەری جیهانیشدا. بە گوتەی کاترین تای، کە نوێنەری بازرگانیی سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکان بوو "سونامییەکە ڕوو دەکاتە هەموو کەس".

بۆیە ستراتیجییەکەی سەرۆک ترەمپ زۆر گێلانەیە، لە جیاتی دانانی تاریفە لەسەر هەموو جیهان، دەبێت بگەڕێین بۆ یەکخستنی هەموو هاوپەیمانە پیشەسازییەکانمان لە بەرەیەکی یەکگرتوودا بۆ ئەوەی بە چین بڵێین: ناتوانیت هەموو شتێک بۆ هەموو کەسێک دروست بکەیت.
 لە کاتێکدا چین یەک لەسەر سێی بەرهەمهێنانی پیشەسازی جیهانییە، تەنیا 13% ی بەکاربردنی جیهانی پێکدێنێت. ئەمە بەردەوام نابێت چونکە تەنیا ئەمەریکا و ئەوروپا ناترسێنێت بەڵکو بەڕازیل، ئەندەنۆسیا، هیندستان و خەڵکی تریش دەترسێنێت؛ تەنانەت ڕووسیاش لەناکاو هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی لە چینەوە کەم کردۆتەوە. لە جیاتی ئەوەی ستراتیجییەکەی ئەمەریکا دژی هەموو جیهان بێت لەسەر تاریفەکان، ترەمپ دەبوایە بیکردایە بە ستراتیجیی هەموو دیموکراسییە پیشەسازییەکان بە سەرکردایەتی ئەمریکا دژی چین.

مەبەستەکە ئەوە دەبوو بە هێزی دانوستان دەرگایەک بکرێتەوە کە هەم چین ناچار بکات وزەکەی بەرەو ناوەوە ئاراستە بکاتەوە بۆ وەبەرهێنان لە تۆڕی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و سیستمی چاودێریی تەندروستییە لاوازەکەی و هاندانی داواکاری ناوخۆیی  و لە هەمان کاتدا چین بانگهێشت بکات بۆ دروستکردنی کارگەی نوێ، نەک لە هانۆی بەڵکو لە هامترامک، میشیگان، و بۆ گواستنەوەی تەکنەلۆجیا و زنجیرەی پێدانی خۆی بۆ ئێمە لە پرۆژەی هاوبەشی 50-50.

بەداخەوە، سەرۆک و جێگری سەرۆکمان ئەوەندە سەرقاڵی گەرمکردنی ماسولکەکانیان بوون بۆ گرینلاند و  دەرکردنی جەنەراڵە باڵاکانمان، لەبەر ئەوەی بە تەواوی کۆیلە نەبوون بۆ ڕابەرە ئازیزەکەمان و سووکایەتیکردن بە هاوپەیمانە ئەوروپییەکانمان لەبەر ئەوەی زۆر هۆشیارن، کە ئەو هێزەیان بە فیڕۆ داوە کە پێویستمان پێی بوو بۆ مامەڵەکردنێکی کاریگەر لەگەڵ ئەم ئامێرە بەهێزەی چین.

بەڵام ئەوەی سەرکردە بازرگانییەکانی ئەمریکا بە ڕاستی تێناگەن ئەمەیە، ترامپ و جەی دی ڤانس بە ڕەفتاری نائاساییان چین و یەکێتی ئەوروپایان تووشی ترس کردووە. کاتێک ئەوان سەرۆکێکی ئەمەریکا دەبینن ڕێککەوتنێکی بازرگانی لەگەڵ مەکسیک و کەنەدا پشتگوێ دەخات ''یو.ئێس.ئێم.سی.ئەی '' کە خۆی دانوستانی بۆ کردووە، لە خۆیان دەپرسن: چۆن دەتوانین متمانە بە هەر ڕێککەوتنێک بکەین کە لەگەڵی دەیکەین؟ ئەمە لەوانەیە چین و یەکێتی ئەوروپا لە یەکتر نزیکتر بکاتەوە.

دەبیستم هاووڵاتییە ئەمریکییەکانم دەڵێن، دەبێت تەنیا بگەینە هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاست و دیموکراتەکان کۆنترۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەست بهێننەوە، ئەو کات باش دەبین. ببوورن، خەڵکینە، ناتوانین بەرگەی ئەو چاوەڕوانییە درێژە بگرین. 20 مانگی تر یان کەمێک زیاتری ئەم سەرکردایەتییە نائاساییە، وڵاتەکەمان بە شێوەیەکی چارەسەرنەکراو تێکدەشکێنێت. ئێمە پێویستمان بە کۆماریخوازان لە نوێنەران و ئەنجوومەنی پیران هەیە  بۆ ئەوەی قۆڵی لێ هەڵماڵین و ئەو قۆناغە تێپەڕەنین و کۆتایی بەو کارەساتە ئابوورییە دەستکردە وێرانکەرە بهێنین

نووسینی\تۆماس فریدمان
وەرگێڕانی\وشە



وشە - تایبه‌ت