سەرۆك بارزانی 17یەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ كتێب كردەوە، خوێنەرانی كتێب پەیتا پەپتا روو لە ناوەندەكانی چاپ و بڵاوكردنەوە دەكەن، زیاتر لە ملیۆنێك ناونیشانی كتێبیش نمایش كراون.
ئەمڕۆ چوارشەم نۆی نیسان، بەئامادەبوونی سەرۆك بارزانی و فەخری كەریم و وەزیری رۆشنبیری و پارێزگاری هەولێر و چەندان كەسایەتیی رۆشنبیری و سیاسی، 17مەین پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ كتێب لە شوێنی پێشانگەی نێودەوڵەتی لە پاركی سامی عەبدولڕەحمان، دەستی بە كارەكانی كرد و تا 19ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
17 ساڵ لەمەوبەر بەهاوكاریی سەرۆك بارزانی، دەزگای مەدا پێشانگەی نوێدەوڵەتی كتێبی لە هەولێر كردەوە، لەم 17 ساڵەدا سەرۆك بارزانی بەردەوامە لە چاودێری و هاوكاریی پێشانگەكە، تا بەباشترین شێوە بەردەوام بێت و زۆرترین كتێب و سەرچاوە بەزمانە جیاجیاكان بخرێتە بەردەستی خوێنەری كوردەوە.
لە پێشانگەكەدا 350 ناوەندی چاپ و بڵاوكردنەوە بە زیاتر لە یەك ملیۆن ناونیشان بەشدارییان كردووە، كتێب بە هەموو زمانە زیندووەكان بەردەست دەبێت.
لە پێشانگەكەدا چەندان بۆنەی رۆشنبیری و كۆنسێرت و ئێوارە شیعر و پانێل و سیمینار بەڕێوە دەچن. ئەمڕۆ حەمەی حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیری، وێڕای پشتگیریی وەزارەتەكەی بۆ پێشانگەكە، پێشانگەكەی بەدەستكەوتێكی كولتووری گەورە دایە قەڵەم.
پێشانگەكی لە ژێر ناونیشانی "جیهان بە كوردی دەدوێت"، رۆژانە لە سەعات 10ـی بەیانی بۆ هەشتـی ئێوارە، پێشوازیی لە میوانان و ئەهلی كتێب دەكات.
پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ كتێب، ئەمساڵ زیاتر لە 350 ناوەندی چاپ و بڵاوكردنەوە لە 22 وڵاتی دنیاوە بەشدارییان كردووە و هەزاران ناونیشانی جۆراوجۆر نمایش دەكەن.
لیژنەی باڵای سەرپەرشتیاری پێشانگەكەش داوا لە ناوەندەكانی چاپ و بڵاوكردنەوە دەكات، بە هیچ شێوەیەك ئەو كتێبانەی توندوتیژیی هزری بڵاو دەكەنەوە نمایش نەكەن.