ئەركی مێشكی مرۆڤ پابەندە بە خۆراكە تەندروستەكان، بەتایبەتی ڤیتامینی ئەو خۆراكانەی سەرنج و بیرەوەریی باشتر دەكەن، بۆ ئەوەیش زیاتر ئاماژە بە ڤیتامینەكانی "بی" و "بی12" دراوە كە رێگە نادەن ئەركی مێشك تێكبچێت. بۆ ئەوەیش رێكخراوێكی تایبەت بە تەندروستیی ئەمەریكی، زۆر بە وردی لەوبارەیەوە زانیاریی بڵاو كردووەتەوە.
پێگەی "ئەهرام"ی میسری كە هەواڵەكەی لە گۆڤاری Cureus وەرگرتووە، ئەو گۆڤارە تەواوی زانیارییەكانی لە رێكخراوی تەندروستیی بۆ وڵاتان PAHOبڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی داوە، كەمیی ڤیتامینی "بی12" مەترسیی رژدی لەسەر سەرنج و بیرەوەریی مرۆڤ هەیە، بۆ منداڵان مەترسیی لەسەر سەرنجیان هەیە و بۆ گەورانیش كێشەی بیرەوەرییان بۆ دروست دەكات، بۆیە زۆر گرنگە بایەخ بە خواردنی ئەو خۆراكانە بدرێت كە بەو ڤیتامینانە دەوڵەمەندن.
ئۆما نایدۆ كە پزیشكی تایبەت بە خۆراكە لە زانكۆی هارڤارد، بۆ تۆڕی "سێ ئێن بی سی" قسەی كردووە و گوتوویەتی، ڤیتامینی "بی" باشترین ڤیتامینە كە مێشكی مرۆڤ لە پیری دوور دەخاتەوە و وا دەكات هەمیشە مێشك بە گەنجی و تەندروستی بمێنێتەوە، بەتایبەتی ڤیتامینی "بی12" رۆڵی سەرەكی دەبینێ لە دووركەوتنەوە لە تێكچوونی سەرنج و بیرەوەری. هاوكات ڤیتامینی "بی5"یش بەهەمانشێوە كلیلی بەرهەمهێنانی ئەستیل كۆلینە كە ئەویش رۆڵی هەیە بۆ بیرەوەری و فێربوون.
لەبارەی ئەو خۆراكانەی دەوڵەمەندەن بە ڤیتامینی "بی" ئاماژە بە جگەری مانگا دراوە، هەروەها ماسیی سەلەموون، دۆمەڵان، سپێناخ، كەرە، گوێز، گوڵەبەڕۆژە، هێلكە و پاقلەمەنییەكان. هەروەها پەیمانگەكانی نیشتمانیی ئەمەریكا بۆ تەندروستی (NIH) دووپات دەكەنەوە، زۆر گرنگە بایەخ بەو خۆراكانە بدرێت كە بە ڤیتامینەكانی "بی" و "بی12" دەوڵەمەندن، لەناویاندا ئاماژە بە جگەری مانگا و دۆمەڵان و شیرەمەنییەكان دراوە. هەروەها جیا لە ڤیتامینەكانی "بی" و "بی12"، باس لە چەندان ڤیتامینی تر دەكرێت كە بۆ مێشك زۆر پێویستن.
ڤیتامینی "ئی" كە كار بۆ دژەئۆكسید دەكات و شانەكانی مێشك لە لەناوچوونی تەكسیدی دەپارێزێت، ئەویش خۆی لە جەرەزات و زەیتی رووەك دەبینێتەوە.
كەمیی ڤیتامینی "دی" كاریگەریی هەیە بۆ كێشەی یادەوەری و تووشبوون بە زەهایمەر، مرۆڤ دەتوانێ ئەو ڤیتامینە لە تیشكی خۆر و خۆراكەكانی ماسیی چەور و شیرەمەنییەكان وەربگرێت.
ڤیتامینی "سی"یش بەهەمانشێوە رۆڵی زۆری هەیە بۆ سەرنج و یادەوەریی مرۆڤ، هەروەها سوودی بۆ جووڵە و هاتوچۆی خوێن لە دەمارەكاندا هەیە، ئەو ڤیتامینەیش لە ترشیاتەكان و بیبەر و میوە سوورەكاندا هەیە.
لەبارەی كەمیی ڤیتامین "بی12" لە جەستەدا، پێگەی "مایۆ كلینیك" ئاماژەی داوە كە كاریگەریی لەسەر كێشەی جەستەیی و ئەقڵی واتە كێشەكانی مێشك دەبێت، وەك هەستكردن بە ماندوویەتی و لاوازیی ماسولكەكان. هەروەها سەرسووڕان و ئەستەمی لە هەناسەدان. رووخسار زەرد هەڵدەگەڕێت و لێدانی دڵ ناسەقامگیر دەبێت. زۆرجار دەست و پێیەكان سڕ دەبن، هەروەها كەمیی ئەو ڤیتامینە ڤاكتەرە لەوەی كەسەكان تووشی لەبیرچوونە دەبن و هەندێك جاریش گۆشەگیری.