ماریۆ بارگاس یۆسا كۆچی دوای كرد

:: AM:10:41:14/04/2025 ‌
ماریۆ بارگاس یۆسا نووسەر و رۆماننووسی پیرۆیی و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەب، لە تەمەنی 89 ساڵی كۆچی دوایی كرد.

 ئەمڕۆ دووشەم 14ـی نیسان، ئالڤارۆ بارگاس یۆسا كوڕی ماریۆ بارگاس رای گەیاند، درەنگانی شەوی یەكشەم باوكم لە لیمای پایتەختی پیرۆ، لە كاتێكدا خێزانەكەی هەمووی لە دەوری كۆبووبوونەوە، كۆچی دوایی كرد.

لە راگەیەنراوێكدا بە ناوی بنەماڵەی ئەو نووسەرە هاتووە، "تەرمی ماریۆ بارگاس یۆسا، لەسەر خواستی خۆی دەسووتێنرێت و هیچ رێوڕەسم و پرسەیەكی گشتی بۆ ناگیرێت".

ماریۆ بارگاس یەك لە بەناوبانگترینی ئەو نووسەرانە بوو كە بە زمانی ئیسپانیایی دەینووسی، رۆیتەرز بە دوایین پاڵەوانی سەردەمی درەوشانەوەی ئەدەبی ئەمەریكای لاتین ناوی بردووە، سەردەمێك كە نووسەرانی وەك گابریەل گارسیا ماركێز، خولیۆ كۆرتازار و كارلۆس فۆئێنتس دەدرەوشانەوە.

ماریۆ بارگاس لە ساڵی 1936 لە شاری ئەركیپای پیرۆ لە دایك بووە و دوای زیاتر لە 50 دەیە نووسین، لە ساڵی 2010 بوو بە براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەب.

ئەو نووسەرە دەیان رۆمان و شانۆنامەی لە دوای خۆی بەجێهێشتووە كە ژمارەیەك لەو بەرهەمانەی بە كوردی وەرگێڕاون، لە هەمووان گرنگتر رۆمانی شەڕی ئاخر زەمانە كە بەهۆیەوە خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی پێ بەخشرا و لەلایەن حەمەكەریم عارفەوە وەرگێڕانی بۆ كراوە.

 جیاوازیی ماریۆ بارگاس یوسا لەگەڵ نووسەرە ناودارەكانی سەردەمی خۆی لە ئەمەریكای لاتین، دژبەر و رەخنەگرێكی سەرسەختی بیری سۆسیالیستی بوو، ساڵی 1990 خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری پیرۆ بەربژێر كرد و گوتی، دەمەوێ وڵاتەكەم لە داڕمانی ئابووری و شۆڕشی سۆسیالیستی رزگار بكەم.
 
دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری پیرۆدا دەنگی نەهێنا، بەرەو ئیسپانیا كۆچی كرد، بەڵام هەر وەك یەكێك لە كاریگەرترین نووسەرانی ئەمەریكای لاتین مایەوە و دژایەتییەكی زۆری ئەو چەپە نوێیەی كرد كە بە رێبەرایەتیی هۆگۆ چاوز سەرۆك كۆماری ئەوكاتی ڤەنزوێلا سەری هەڵدابوو.

 ماریۆ بارگاس ساڵی 2003 دوای هێرشی هاوپەیمانان و رووخانی رژێمی بەعس، سەردانی عێراقی كرد بۆ ئەوەی لە نزیكەوە لەگەڵ ئەو خەڵكە بدوێت كە لە ژێر ستەمی دیكتاتۆریی سەدام حوسێن رزگاریان بووە، دوای گەڕانەوەی كۆمەڵە گوتارێك لەبارەی عێراق دەنووسێت.

بارگاس تا بەر لەو گەشتەی، دژی هێرشی ئەمەریكا بوو بۆ سەر عێراق، بەڵام كاتێك لە نزیكەوە ئەو خەڵكەی بینی كە لە ژێر ستەمی رژێمی بەعس رزگاریان بووە، بۆچوونی گۆڕا و لە وتارێكدا نووسی، "سەرەڕای نەبوونی ئاو و كارەبا و ئاسایش و هەبوونی تەقینەوە لەم وڵاتە، بەڵام خەڵك ژیانی دوای رووخانی دیكتاتۆرییان بەلاوە پەسندە، تا ئەو ئاسایشە كارتۆنییەی لە ژێر دەسەڵاتدارێكی شێت و حزبێكی كۆنەپەرستدا هەیانبوو".



وشە - سۆران عەزیز