خۆڵبارینێكی چڕ شارەكانی عێراقی گرتووەتەوە و تەنیا لە پارێزگای میسان، 656 كەس باری تەندروستییان تێكچووە.
دوو رۆژە خۆڵبارینێكی چڕ زۆرینەی شارەكانی عێراقی گرتووەتەوە و وەزارەتی تەندروستی رای گەیاند، لە پێنج پارێزگادا تا ئێستە زیاتر لە دوو هەزار حاڵەتی تەنگەنەفەسی و تێكچوونی باری تەندروستییان تۆمار كراوە.
وەزارەتی تەندروستیی عێراق رای گەیاند، لە پارێزگای میسان 656 كەس باری تەندروستییان تێكچووە و بەسەر 12 نەخۆشخانە و ژووری فریاكەوتن دابەش كراون.
وەزارەت دەڵێت، بەڕێوەبەرایەتییە تەندروستییەكان لە پێنج پارێزگا تا ئێستە زیاتر لە دوو هەزار حاڵەتی تەنگەنەفەسی و تێكچوونی باری تەندروستییان تۆمار كردووە، 749 حاڵەت لە بەسرە، 700 لە موسەننا، 322 لە دیوانیە، 174 لە زیقار و 150 لە نەجەف.
بەهۆی بەردەوامیی خۆڵبارین لە بەشێك لە شارەكانی عێراق، ژمارەی تووشبووان بە تەنگەنەفەسی بەردەوام بەرز بێتەوە.
عامر جابری گوتەبێژی دەستەی كەشناسی، هاووڵاتییانی ئاگادار كردەوە كە لە ماڵەكانیاندا بمێننەوە تا خۆڵبارینەكە كەم دەبێتەوە.
بەهۆی وشكەساڵی بە بیابانبوونەوە بەشی زۆری شارەكانی عێراق كێشەی خۆڵبارینیان زیاتر بووە، بەگوتەی دەستەی كەشناسی، قەیرانێكی ژینگەیی زۆرینەی ئەو ناوچانەی گرتووەتەوە و لە كاتی خۆڵباریندا زۆرتر هەست بەقەیرانەكە دەكرێت.
پارێزگاری بەسرە رای گەیاند، ئەمرۆ سێشەم 15ی نیسان بەهۆی ناسەقامگیریی كەشوهەوا و بەردەوامیی خۆڵبارینەوە، رووی لە شارەكە كردووە، لە سەرجەم فەرمانگەكانی پارێزگاكە كرایە پشوو.