10 فیلمی ناوداری هۆڵیوود كە تایبەتن بە جەنگی عێراق لە 2003دا

:: AM:10:25:15/04/2025 ‌
پێگەی "سكرین رایت"ی ئەمەریكی كە تایبەتە بە هەواڵە هونەری و سەیروسەمەرەكان، لە راپۆرتێكدا 10 فیلمی ناوداری هۆڵیوودی هەڵبژاردووە كە تایبەتن بە جەنگی عێراق لە 2003دا، ئەو پێگەیە پێی وایە ئەو فیلمانە پاناتییەكی زۆر فراوانی لە سینەمای دنیادا گرتووە و واقیعی جەنگەكە بە روونی پێشانی بینەر دەدەن.

پێگەی "شەفەق نیوز" كە راپۆرتەكەی لە پێگە ئەمەریكییەكە وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، فیلمەكان زۆربەیان خەڵاتی ئۆسكاریان وەرگرتووە و هەریەكەیان لە بەشێكی خەڵاتەكە یان چەند بەشێك، یەكەم فیلمیش كە پێگە ئەمەریكییەكە ئاماژەی پێ داوە، "دیوارە"ـە كە لە ساڵی 2017 بەرهەم هێنراوە، سیناریۆكەی لە رووداوێكی راستەقینە وەرگیراوە كە دوو سەربازی ئەمەریكی، لەلایەن نیشانشكێنێكی عێراق گەمارۆ دراون بەناوی "جوبا"، تەواوی فیلمە لە ناوچەیەكی سوننەنشینی عێراق وێنەی گیراوە، بەشێكی فیلمەیش لە خەیاڵ هەڵهێنجراوە.

دووەم فیلمیش "ناوچەی سەوز"ـە و لە ساڵی 2010دا بەرهەم هێنراوە، فیلمەكە لە پاڵەوانێتیی مات دیمۆنە و لە كتێبی "ژیانی ئیمپراتۆریی لە شاری زومردیە"ی رۆژنامەنووس راجیڤ شاندراسیكاران وەرگیراوە، باس لە ژیانی ناوچەی سەوز لە بەغدای پایتەختی عێراق دەكات كە ئەوكاتەی ئەمەریكا عێراقی داگیر كرد. ئەویش یەك لە فیلمە زۆر ناودارەكانی هۆڵیوودە.

"وەرگرتنی دەرفەت" فیلمێكی تری هۆڵیوودە كە تایبەتە بە جەنگی عێراق و لە بەرهەمهێنانی تۆڕی HBO یە و لە ساڵی 2009دا بەرهەم هێنراوە. ئەو فیلمەیش باس لە بیرەوەرییەكانی موقەدەمێك لە مارێنزی ئەمەریكی مایكڵ سترۆبڵ دەكات كە ئەكتەر كیڤن بیكۆن رۆڵەكەی بینیوە، ئەو فیلمەیش تا ئێستە دوو خەڵاتی "گۆڵدن گڵۆپ"ی وەرگرتووە، جیا لە وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسكار و ئیمی، بەهەمانشێوە باس لە واقیعی جەنگی عێراق دەكات كە تەواوی گرتەكانی لە ناو خاكی عێراقدا وێنەیان گیراوە.

فیلمی "لە دۆڵی ئیلا" كە لە ساڵی 2007دا بەرهەم هێنراوە، باس لە چیرۆكێكی راستەقینەی تاوانی كوشتن دەكات، تێیدا جەنگاوەرێكی عێراقی دێتە كوشتن، ئەوكات باوكی لێكۆڵینەوە لە جۆری كوشتنەكەی دەكات، ئەكتەر تۆمی لی لەو فیلمەدا رۆڵی سەرەكی دەگێڕێت و بەهۆی گرنگی سیناریۆكەی، فیلمەكە خەڵاتی ئۆسكاری پێ بەخشرا.

فیلمی "میگان لیفی"یش فیلمێكی تری هۆڵیوودە لەبارەی جەنگی عێراق كە لە راپۆرتێكی درامای جەنگی بەهێز پێكدێت، تێیدا ئەزموونی سەربازیی مارێنز میگان لیفی و سەگەكەی "رێكس" دەخاتە روو كە لە ئەركێكی سەربازی لە عێراق ئەنجام دەدەن. فیلمەكە بەهەمانشێوە رووداوەكەی راستەقینەیە و داهاتی ئەو فیلمە زیاترە لە 15 ملیۆن دۆلار بووە، جیا لە وەرگرتنی خەڵاتی "گۆڵدن گڵۆپ".

"سوپاس بۆ خزمەتەكەت" فیلمێكی تری هۆڵیوودە لەبارەی جەنگی عێراق لە 2003دا كە لە ساڵی 2017دا بەرهەم هێنراوە، ئەویش باس لە جەنگاوەرە كۆنەكان دەكات كە دوای ئەوەی ئەركی خۆیان لە جەنگی عێراق بۆ ماوەی 15 مانگ بە ئەنجام دەگەیەنن، دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەكەی خۆیان، بۆ ئەوەیش باس لە دۆخی دەروونی سەربازەكان دەكات كە بەهۆی جەنگەكەوە تووشیان بووە، ئەو فیلمەیش بێبەش نەبووە لە خەڵاتی ئۆسكار و گۆڵدن گڵۆپ.

فیلمی "نیشانشكێنی ئەمەریكی"یش لە ساڵی 2014دا بەرهەم هێنراوە، لە دەرهێنانی كلینت ئیستودە و ئەو فیلمەیش خەڵاتی ئۆسكاری وەرگرتووە. باس لە نیشانشكێنێكی ئەمەریكی دەكات كە ئەكتەر برادڵی كۆبەر رۆڵەكەی دەگێڕێت و ئەركی خۆی لە جەنگی عێراق جێبەجێ دەكات و لە زۆربەی شەڕەكاندا رۆڵی بەرچاو دەبینێت، لەلایەن رەخنەگرانی بواری سینەماوە زۆرترین نووسینی لەبارەوە بڵاو كراوەتەوە. بەشێوەیەكی گشتی سیناریۆكەی لە نێوان خێر و شەڕدا داڕێژراوە.

"پەیامبەر" فیلمێكی تری هۆڵیوودە لەبارەی جەنگی عێراق، هەردوو ئەكتەر بین فۆستەر و وۆدی هارلسۆن رۆڵی سەرەكیی تێدا دەگێڕن. فیلمەكە بە بەهێزترین بەرهەمی سینەمایی هەژمار دەكرێت كە باس لە كاریگەرییەكانی جەنگ لەسەر سەرباز دەكات لە چ ئاستێكدایە. هاوكات سیناریۆی فیلمەكە بەشێوەیەك داڕێژراوە كە لە نێوان درامای جەنگ و رۆمانسیدایە. بەشێوەیەكی گشتی باس لە برینداربوونی سەربازێك دەكات كە لە رێگەی جەنگەوە بۆ وڵاتەكەی خۆی دەگەڕێتەوە.

فیلمی "جەنگ"یش كە ئەمساڵ 2025 بەرهەم هێنراوە، باس لە ئەزموونێكی نوێی شەڕ لەناو جەنگدا دەكات، تەواوی سیناریۆكەی لە پارێزگای ئەنبار لە عێراق وێنەی گیراوە، هاوكات باسی ئەو سەربازانە دەكات كە لە دوای جەنگەوە و دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان، چۆن هەڵسوكەوت دەكەن و جەنگ تا چەند كاریگەریی لەسەر دۆخی دەروونییان دروست دەكات. هەروەها یادەوەریی سەربازەكان لەگەڵ پێكدادانەكاندا بەشێكی تری سیناریۆی فیلمەكەیە. هاوكات چاوەڕێ دەكرێ ئەو فیلمەیش چەندان خەڵات وەربگرێت.

دواتریش پێگە ئەمەریكییەكە باس لە فیلمی "كۆگەی ئازار" دەكات كە لە ساڵی 2008دا لە هۆڵیوود بەرهەم هاتووە، ئەو فیلمەیش خەڵاتی ئۆسكاری بۆ ساڵی 2010 وەرگرت، بۆ ئەوەیش لە نۆ بەشی فیلمەدا ئۆسكاردا، لە شەش بەشیدا ئۆسكاری وەرگرتووە. ئەو فیلمەیش باس لە دۆخی جەنگ لە عێراق دەكات و بە جوانترین دەرهێنانی سینەمایی هەژمار دەكرێت.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د