ژمارەیەك خانەنشینی سەربازی لە بەردەم باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی سلێمانی، گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان ئەنجام دا و داوای خەرجكردنی دەرماڵەكانیان دەكەن كە لە دوای خانەنشینبوونیان دواكەوتووە.
تەها عەزیز نوێنەری خانەنشینانی سەربازیی ناڕازی لە سلێمانی، ئەمڕۆ 15ی نیسان لە میانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، "خانەنشینان ماوەی 18 مانگە دەرماڵەی خانەنشینییەكانیان وەرنەگرتووە، جگە لە مووچەی كەڵەكەبووی مۆڵەتی ساڵانەی بەكارنەهێنراو".
گوتیشی، "خانەنشینانیش دەرماڵەی هاوسەرگیری و بڕوانامەی خوێندنیان وەرنەگرتووە، ئەمە جگە لەو یارمەتییانەی پێوەستن بە پلەبەرزكردنەوەی كارەوە كە ژمارەیەكی زۆریان پێش خانەنشینبوون و دوای خانەنشینبوون وەریانگرتووە".
دووپاتی كردەوە كە لە نێوان هەولێر و سلێمانی، جیاوازییەكی زۆر لە مووچەی خانەنشینان هەیە، چونكە ئەو دەرماڵەیە لە هەولێر بۆ خانەنشینان خەرج دەكرێت.
هەروەها تەها عەزیز داوای لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە خەرجكردنی دەرماڵەكانیان خێراتر بكات.