روانگەی سووری داتایەكی مەترسیداری كۆمەڵكوژییەكانی ئەمدواییەی سووریای بڵاو كردەوە

:: AM:11:37:15/04/2025 ‌
روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ، ئامارێكی نوێی لەبارەی ڕووداوەكانی سووریای پاش رووخانی بەشار ئەسەد بڵاو كردەوە، بەپێی ئاماری روانگەكە، تەنیا لە رووداوەكانی ئەمدواییەدا دوو هەزار و 161 كەس كوژراون كە زۆربەیان سڤیلن و لە نێوانیاندا ژن و منداڵ هەن.

روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ رای گەیاند، لەوكاتەوەی ڕژێمی بەعس لە سووریا ڕووخاوە و گرووپە چەكدارەكانی نەیاری ئەو ڕژێمە هاتوونە سەر دەسەڵات، دوو هەزار و 161 كەس كوژراون یان كۆمەڵكوژ كراون، بەشێكی زۆری ئەو كەسانەش لە كەناراوەكانی سووریا بوون و زۆرینەشیان لە پێكهاتەی عەلەوی و بەشێك لە پێكهاتەكانی تر بوون، كە لە مانگی ئاداری ئەمساڵ ڕووبەڕووی كۆمەڵكوژی بوونەوە.

روانگەكە جگە لە ژمارەی گشتی، ژمارەی كوژراوی شارەكانیشی بەم جۆرە بڵاو كردووەتەوە: لە لازقیە: 926 كەس، تەرتووس: 588 كەس، حەما: 422 كەس، حمس: 225 كەس بوون.

لەو ژمارە كەسانەی لە ئامارەكەی ڕوانگەی سووریدا هاتووە، 486 كەسیان بە تۆڵەكردنەوەی تاكەكەسی كوژراون، ئەمە كۆمەڵكوژییەكەی كەناراوەكانی سووریا ناگرێتەوە كە بەشێوەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراو لەلایەن چەند گرووپێكەوە دژ بە عەلەوییەكان ئەنجام درا.

ئامارەكەی ڕوانگەی سووری تا 14ی نیسانە، لەو ژمارە كوژراوەش 108 كەسیان ژن و منداڵن.

روانگەكە دەڵێت: لە نێوان شەشی ئادار تا 14 ی نیسانی ئەمساڵ، كۆی گشتیی ئەو كەسانەی لە كەناراوەكانی سووریا كوژراون، هەزار و 676 كەسە كە زۆربەیان سڤیلن.

بەگوتەی ڕوانگەی سووری لەوكاتەوەی ڕژێمی بەعس لە سووریا ڕووخاوە، 62 كۆمەڵكوژی ئەنجام دراون، داواش دەكات پرۆسەی كوشتنی مەیدانی لەسەر شەقام و لەناو ماڵەكان ڕابگیرێت، بەپێی پێودانگەكانی مافی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەكان مامەڵە بكرێت.



وشە - سۆران عەزیز