سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە ڤیكتۆریا تەیلەر جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد، لەو دیدارە گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و سووریا و ناوچەكە بە گشتی كرا. بیروڕا لەبارەی گرفت و ئاستەنگەكانی بەردەم پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، بارودۆخی لایەنە كوردییەكانی سووریا و داهاتوو و پێوەندییان لەگەڵ حكوومەتی تازەی سووریا ئاڵوگۆڕ كرا.
ئەمڕۆ سێشەم 15ی نیسان، لە سەڵاحەدین سەرۆك مەسعوود بارزانی، پێشوازیی لە خاتوو ڤیكتۆریا تەیلەر جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، دووپاتی لە دۆستایەتی و هاوبەشیی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان كردەوە لە پێناو دابینكردنی سەقامگیری و پێشڤەچوون لە هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكەدا.
هەر لەو دیدارەدا گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و سووریا و ناوچەكە بە گشتی كرا، بیروڕا لەبارەی گرفت و ئاستەنگەكانی بەردەم پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، بارودۆخی لایەنە كوردییەكانی سووریا و داهاتوو و پێوەندییان لەگەڵ حكوومەتی تازەی سووریا ئاڵوگۆڕ كرا.
لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا، ڕۆشنایی خرایە سەر پێوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ، هاوئاهەنگیی نێوانیان لە پێناو چارەسەركردنی كێشەكان و تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەكان.
گفتوگۆكانی نێوان پارتی و یەكێتی و هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی تازەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تەوەری تری ئەو دیدارە بوو.