سەرۆكی لبنان: ئەزموونی حەشدی شەعبیی عێراقی لەگەڵ حزبوڵا دووبارە ناكەینەوە

:: PM:07:06:15/04/2025 ‌
سەرۆكی لبنان رای گەیاند، ئەوان ئەزموونی حەشدی شەعبی لە عێراق دووبارە ناكەنەوە، بە جۆرێك حزبوڵا لە سوپای فەرمی زیاتر باڵادەست بێت و نەتوانرێت لە چەك دابماڵرێت. 

ئەمڕۆ سێشەم، 15ی نیسانی 2025، جۆزێف عۆن سەرۆكی لبنان لەمیانی چاوپێكەوتنێكی میدیاییدا رای گەیاند، حزبوڵا نابێتە یەكەیەكی سەربەخۆی سەربازی لە سوپای لبنان. ئاماژەیشی دا، ئەندامەكانی حزبوڵا دەتوانن پێوەندی بە سوپاوە بكەن و پابەندی رێنوێنی و فەرمانەكانی سوپای فەرمیی وڵات بن. دووپاتیشی لەسەر گرنگیی گفتوگۆ كرد لەگەڵ ئەم گرووپە چەكدارییە لەپێناو ئامانجی وەرگیرانیان لە ریزەكانی سوپاوە. باسی لەوەیش كرد، کە ئەم هەنگاوە بەوە دەكرێت كە چەك تەنیا لای سوپای لبنان بێت. 

ئەم قسانەی عۆن لە كاتێكدایە، شەمووی رابردوو هۆشداری دا كە بوونی چەك لە دەرەوەی دەسەڵاتی سوپا؛ وڵات دەخاتە ژێر مەترسییەكی گەورە و بەبۆنەی 50ـەمین ساڵوەگەڕی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی لبنانەوە ئەوەیشی گوت، کە گرنگە گفتوگۆكان بە چڕی دەست پێ بكرێن لەپێناو ئەوەی چەك تەنیا بە دەستی سوپای فەرمییەوە بێت. 

جێگەی ئاماژەیە، بابەتی هێشتنەوەی چەك تەنیا لە دەستی دەوڵەت بەهۆی ئەو چەكانەی لە دەستی حزبوڵای لبنانییەوەیە بە یەكێك لە كێشە پڕ لە ئاڵنگارییەكانی وڵاتی لبنان دادەنرێت.


وشە - پۆڵا مەحموود