باشترین سیستمی خۆراك بۆ ئەوانەی چوونەتە ناو تەمەنەوە

:: AM:09:50:16/04/2025 ‌
مرۆڤ كە دەچێتە ناو تەمەن و بەتایبەتی لە دوای 50 ساڵی تەمەنی، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی تووشی نەخۆشیی درێژخایەن دەبن، پێویستە بایەخ بە سیستمی خۆراكیی خۆیان بدەن. بەشی تەندروستیی پێگەیەك، زانیاریی لەبارەی ئەوانەی چوونەتە تەمەنەوە بڵاو كردووەتەوە بێ ئەوەی تووشی نەخۆشیی بووبن، وریای سیستمی خۆراكیان بن تا لە نەخۆشییە درێژخایەنەكان دوور بكەونەوە.

پێگەی "عەرەبیە" توێژینەوەیەكی لەوبارەیەوە بڵاو كردووەتەوە كە لە بەشی تەندروستیی پێگەی "ساینس ئەلێرت" وەرگرتووە و ئاماژەی داوە، جیا لە بایەخدان بە سیستمی خۆراك بۆ ئەوانەی بەساڵاچوون گرنگە، هاوكات لەگەڵیدا بایەخ بە جۆری خەوتن و راهێنانی وەرزشی بدەن تا لە نەخۆشییە درێژخانەیەكان دوور بكەونەوە و ژیانێكی خۆش و تەندروست بەڕێ بخەن.

فرانك هۆ یەك لەو توێژەرانەیە بەشداریی لە توێژینەوەیەكی زانكۆی "هارفارد" كردووە كە ماوەی 30 ساڵی پێچووە، باس لەوە دەكات كە سیستمی خۆراكی تەندروست، پێوەندییەكی زۆری لەگەڵ قۆناغی پیری هەیە تا كەسەكە جەستەی تەندروست بێت، ئەو قۆناغەیش 50 تا 70 ساڵی لەخۆ دەگرێت. بەپێی توێژینەوەكە زیاتر دووپات لەوە دەكاتەوە كە لەسەر ئەوانە كراوە، هیچ نەخۆشییەكی درێژخایەنیان نییە، واتە لەڕووی جەستەی و ئەقڵی تەندروستن.

ئەو پزیشكە دووپات دەكاتەوە كە جۆری سیستمی خۆراكی تەندروست، پێوەندیی زۆری بە درێژیی تەمەنەوە هەیە. ئەوان توێژینەوەكەیان لەسەر 105 هەزار كەس كردووە كە تەمەنیان لە نێوان 39 تا 69 ساڵە، بەگشتی تەمەنی 53 ساڵییان كردووەتە ناوەندی تەمەنەوە، توێژینەوەكەیش لە 1986 دەستی پێ كردووە تا 2016، بۆ ئەوەیش لەو ماوەیەدا پسپۆرانی تەندروستی چاودێریی جۆری سیستمی خۆراكیی ئەوانەیان كردووە. بەشێوەیەكی گشتی و بەزۆری ئاماژە بە خۆراكی رووەكی و چەوریی تەندروست دەكەن كە بۆ بەساڵاچووان زۆر گرنگن.

باس لەوە دەكات هەوڵ بدرێت سەرجەم ئەو خۆراكانە بخورێن كە رێگە لە بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن و شەكرە دەكەن، واتە ئەو میتۆدە لە خۆراك بەكار بهێنرێت كە رێگە لە بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن دەكات و رێگە لە هەوكردن دەگرێت.

توێژەران ئاماژە دەدەن كە لە سیستمی خۆراك بۆ ئەوانەی بەساڵاچوون، باشترین خۆراك بایەخدانە بە خۆراكی رووەكیی و چەورییە تەندروستییەكان، هاوكات دووركەوتنەوە لە خوێ و شەكر و چەورییە ناتەندروستییەكان. تەواوی ئەو سیستمە خۆراكییە، پێوەستە بە قۆناغی پیری كە مرۆڤ لەو قۆناغەدا تا تەمەنی 70 ساڵی، جەستەی بە رێكوپێكی و تەندروستی بمێنێتەوە.

دواتریش توێژەران بۆ ئەو قۆناغەی تەمەن، ئاماژە بە خواردنی میوە و سەوزەواتەكان و جەرەزات و پاقلەمەنییەكان دەدەن، هاوكات كەمكردنەوەی گۆشتی سوور و ئەو خواردنەوانەی بە شەكری دروستكراو دروست دەكرێن.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د