"هەژماری من" و "پڕۆژەی رووناكی" دوو لەو پڕۆژە ستراتیجی و گرنگانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن كە بۆ بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان و پێشخستنی هەرێمی جێبەجێ كراون، بەڵام لەلایەن چەند كەسێكەوە زۆرترین دژایەتی كراون، لە كاتێكدا ئەو دوو پڕۆژەیە سەركەوتوو بوون.
"هەژماری من" لە قۆناغی كۆتاییدایە و مانگانە سەتان هەزار مووچەخۆر بەبێ رۆتینی فەرمانگە و بانك و دەستاودەستی پارە، مووچەكانیان وەردەگرن.
هەرچی پڕۆژەی رووناكییە كە ئامانج لێی دابینكردنی كارەبای 24 سەعاتییە و دوای چەندان ساڵ، كوردستان دەبێتە خاوەنی كارەبای بەردەوام و خەڵك رزگاری دەبێت لە دوو جۆر كارەبا، بەڵام دژایەتییەكی زۆر دەكرێت، ئەگەرچی تا ئێستە نرخەكەی لەلایەن حكوومەتی هەرێم و وەزارەتی كارەبا دیاری نەكراوە، بەڵام كەسانێك دژایەتیی دەكەن بەبێ ئەوەی لە گرنگیی ئەو پڕۆژەیە بزانن و نازانن سوودەكەی چییە و چۆن لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستانە.
ناسر ئیسماعیل شارەزای بواری بانكی، بە "وشە"ی راگەیاند، لە كاتێكدا دنیا بەرەو پێشكەوتن دەچێت و تەواوی وڵاتان هەژماری بانكی بۆ مامەڵەكانی رۆژانە بەكار دێنن و مامەڵە بانكییەكان لە پێشكەوتندایە، لەو چوارچێوەیەدا هەرێمی كوردستان دەیەوێ لە بواری بانكیدا پێش بكەوێت و كۆتایی بە شێوازی كۆن بێنێت، بۆ ئەو مەبەستە كابینەی نۆ دەستی بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی "هەژماری من" كرد، كەچی بێ هیچ پاساوێك لە ناوخۆ دژایەتییەكی زۆر دەكرێت، چونكە كۆمەڵێك نایانەوێ هەرێم ئەو پێشكەوتنە بەخۆیەوە ببینێت، هەژماری من گرنگترین پڕۆژە و خزمەتكردنە بە خەڵك و مووچەخۆر، بەڵام كەسانێك نایانەوێت ئەوە ببینن.
روونی كردەوە،"هەژماری من"، حیساب بانكییەكە بۆ فەرمانبەران دروست دەكرێت، ئەو بانكانەی بەشدارییان تێدا كردووە، دەركەوتووە پڕۆژەیەكی زۆرباش و پێشكەوتووە، دوای قۆناغی یەكەم كە فەرمانبەران ژمارەی حیسابیان بۆ دەكرێتەوە، دواتر خەڵكی ئاساییش دەتوانن هەژمارەكە بكەنەوە و ببنە خاوەنی "هەژماری من"، لە هەر بانكێك لەوانەی خۆیان دەیانەوێت، ئەو شێوازە كۆنەی مامەڵە لە هیچ وڵاتیك بوونی نەماوە، حكوومەتیش دەیەوێ لە رێگەی ئەو پڕۆژەوە خزمەت بە خەڵك بكات و لەگەڵ پێشەكەوتنی دنیا بین، جگە لەوەش خەڵكانێك ئێستە دژایەتیی ئەوەش دەكەن كارەبای بەردەوام بۆ خەڵك دابین بكرێت. كە باسی خزمەت دەكرێت، دەڵێن هیچ نەكراوە، كە خزمەتیش دەكرێت دەڵێن نا، چی لەو پڕۆژە گرنگتر و باشترە كە كوردستان ببێتە خاوەنی كارەبای 24 سەعات كە هیوا و ئومێد و ئاواتی خەڵكە.
د. جیهاد حەسەن ئەندامی خولی پێشوو لە لیژنەی وزە و سامانه سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، خەڵكی هەرێمی كوردستان چەندان ساڵە چاوەڕێی كارەبای 24 سەعاتی دەكەن، ئەو پڕۆژەیە بۆ هەرێمی كوردستان زۆر گرنگ و كاریگەرە و هەرێم دەچێتە ریزی ئەو وڵاتانەی كە خاوەنی كارەبای بەردەوامن، هەر دژایەتییەكی ئەو پڕۆژەیە، دژایەتیكردنە بۆ خزمەتكردنی خەڵك.
روونی كردەوە، هەمووان ئەو كارەبایەیان پێ باشە نەك دوو جۆر كارەبا هەبێت، خەڵك پڕۆژەكە رەت ناكەنەوە و كەس نییە ئەوەی نەوێت، بەڵام كەسانێك كە خۆیان كردووە بە دەمڕاستی خەڵك، دژی ئەوە وەستاونەتەوە و دژایەتیی دەكەن، كاتی خۆیشی دژایەتیی زۆری هەژماری منیان كرد، بەڵام هیچ سوودی نەبوو بۆیان.
پێشتریش ئومێد ئەحمەد گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا، بە "وشە"ی راگەیاند، پڕۆژەكەی رووناكی مافی هەموو كەسێكە و بۆ خزمەتی خەڵكە، هیچ نرخێكیش بە فەرمی بۆ ئەو پڕۆژە دیاری نەكراوە و بەردەوامین لە كاركردن لەوبارەیەوە.