داوا دەكرێت سەربازگەی تۆپزاوا بكرێتە مۆنۆمێنتی ئەنفال

:: AM:10:06:16/04/2025 ‌
ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك داوا دەكەن، سەربازگەی تۆپزاوا بكرێت بە مۆنۆمێنتی شەهیدان و داواكارییەكەیشیان بەرز كردووەتەوە. 

ئەمڕۆ چوارشەم 16ی نیسان، بەگوێرەی نووسراوی داواكاریی ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، كە پێكهاتوون لە نەشئەت شاهویز، پەروین فاتیح، عەبدوڵا میروەیس، ئەحمەد فاتیح، شۆخان حەسیب و حەسەن مەجید"، داوا دەكەن سەربازگەی تۆپزاوا بكرێتە مۆنۆمێنتی ئەنفالكراوان.

شۆخان حەسیب ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بە "وشە"ی گوت، ئەو داواكارییە بۆ ئەوەیە ئەو سەربازگەیە بكرێت بە مۆنۆمێنتی ئەنفال و شوێنەواری ئەو شوێنە نەمێنێت، بەڵكو وەك مۆنۆمێنتێك بۆ شەهیدانی ئەنفال پێشان بدرێت. 

سەربازگەی تۆپزاوە لە سنووری كەركووك، لە ساڵانی هەشتاكانەوە هێمای دڕندەیی ڕژێمی بەعس بووە و هەر شوێن و جێگەیەكی ئەو سەربازگەیە، چیرۆكێكی تراجیدیای ئەنفال و بەڵگەی ئەو تاوانە دڕەندەیە دەگێڕێتەوە كە دەرهەق بە گەلی كورد لە تاوانی ئەنفالدا ئەنجام درا.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم