چۆن بەسەر خەوزڕانی مۆبایل زاڵ دەبیت؟

:: PM:08:04:17/04/2025 ‌

نوستن قۆناغێكی گرنگی رۆژ و ژیان و تەندروستیی مرۆڤە، شارەزایانی تەندروستی گرنگی بە نوستن دەدەن و بە تەندروستییەكی باش و خراپی دەبەستنەوە، یەكێك لە كێشەكانی ئێستە خراپ و هەڵە بەكارهێنانی مۆبایلە، كە ئامرازێكی پێشكەوتووی تەنكنەلۆجیی مرۆڤایەتییە، كە جیا لە چەندان كێشەی جیاجیای تەندروستی، خەوزڕان دروست دەكات، بەڵام چۆن بەسەر ئەو كێشە زاڵ دەبیت؟

رەنگە جیا لە مۆبایل، خوێندنەوەی كتێب یان خۆشووشتن و گوێگرتن بۆ میوزیكی هێمن و هیتریش ببنە هۆی خاوبوونەوەی مرۆڤ و ئامادەبوونی بۆ چوونە ناو خەوێكی ئاسایی و قووڵەوە، كەچی دانیشتن بەدیار شاشەی شینی مۆبایل، لە خراپترین خووەكانی مرۆڤە، كاتێك چەندان بەڵگەی زانستی دووپاتیان كردەوە شاشەی مۆبایل بە نەرێنی كار لە خەوتنی مرۆڤ دەكات.

بەپێی توێژینەوەیەكی پەیمانگەی تەندروستیی گشتیی نەرویجی كە كاریگەریی مۆبایلی لەسەر نوستن گرتەوە و راپرسییەكی لە نێوان 42202 كەس ئەنجام درا و پرسیاری لەبارەی كاتی بەكارهێنانی مۆبایل و خەویان لێ كرا، دەركەوت پێوەندییەكی بەهێز لە نێوان چاوخشاندن بە ماڵپەڕەكانی تۆڕی كۆمەڵایەتی و هەواڵەكان بەر لە نوستن و تووشبوون بە خەوزڕان هەیە.

توێژەران بۆیان دەركەوت كە سەعاتێك لە بەكارهێنانی مۆبایل لەناو جێگە و بەر لە نوستن، مەترسیی تووشبوون بە خەوزڕان بە رێژەی 59% زیاد دەكات و ماوەی نوستنی شەوانە 24 خولەك كەم دەكاتەوە.

د. گۆنهیڵد هیتلاند سەرۆكی تیمی توێژینەوە لە پەیمانگەكە دەڵێت، جۆری بابەتەكان ئەوەندە گرنگ نین بەقەد گرنگیی ماوەی بەكارهێنانی مۆبایل لە ناو جێگە، واتە تەنیا شاشەكە هۆكاری سەرەكیی كێشەكەیە و نوستن دوا دەخات و دەبوایە لە بری ئەوە كەسەكە بە حەسانەوە بە سەری ببات. 

رەنگە ئەو پرسیارە بكرێت چۆن بەسەر ئەو كێشەیە زاڵ دەبیت؟، شارەزایان دەڵێت تۆ دەتوانی ئەوە بكەیت و زەحمەت نییە، مۆبایلەكەت بخەرە لاوە، هیتلاند دەڵێت، ئەو كەسەی كێشەی خەوی هەیە و پێی وایە بەهۆی شاشەی مۆبایلەكەیەوەیە، بە لایەنی كەم 30 بۆ 60 خولەك بەر لە خەوتن وازی لێ بێنێت و لە كاتی شەودا وا بكات هیچی بۆ نەیەت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل