دوای چەندان ساڵ لە وەستانی، تۆماركردنی ئۆتۆمبێلى تاكسیی نوێ لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ دەست پێ دەكاتەوە، كە رەچاوی ژینگەدۆستی و كەمخەرجى كراوە و بەپێی یاسا و رێنوێنییە نوێیەكان تەنیا ئەو تاكسیانەی كە ستاندارە تایبەتەكانی ژینگەیی و تەكنیكییان هەیە و بەفەرمی هێنراوەتە هەرێمی كوردستان تۆمار دەكرێن.
ئەمڕۆ دووشەم 28ی نیسانی 2025 لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە، بە واژووی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێنوێنیی ژمارە (3)ی ساڵی 2025ی تۆمارکردنی تاکسی نوێ دەچێتە بواری جێبەجێکردن. رۆژی دووشەم ڕێکەوتی 28ی نیسانی 2025 بە نووسراوی ژمارە 12871، لە هەنگاوێکی نوێدا وەزارەتی ناوخۆ بە ئامانجی نوێکردنەوەی تاکسی لە سەرتاسەری هەرێم و بەرزکردنەوەی ئاستی پاراستنی ژینگە و باشترکردنی خزمەتگوزاریی سەرنشینەکان و جێبەجێکردنی ستانداردی تەکنیکیی نوێ، دەرگای تۆمارکردنی تاکسیی نوێ، دوای چەندان ساڵ وەستان، دەکاتەوە.
بەپێی رێنوێنییە نوێیەکان كە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە دەرچووە، تەنیا ئەو ئۆتۆمبیلانەی کە ستانداردە تایبەتەکانی ژینگەیی و تەکنیکییان تێدایە، هەروەها بەشێوەی یاسایی و فەرمی هێنراونەتە هەرێمی کوردستان، مافی تۆمارکردنییان وەکو تاکسی دەبێت، لەوانە: ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە تەنیا بە بەنزین کار دەکەن، ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە بنەڕەتدا تەنیا بە غازی شل (LPG) کار دەکەن، هەروەها ئۆتۆمبێلی هایبرید و ئۆتۆمبێلی تەواو کارەبایی (EV)، ئاسانکاری تۆمارکردنیان وەکو تاکسی بێ رسومات بۆ کراوە وەکو هاندان بۆ ئۆتۆمبیلی کەمخەرجی و دۆستی ژینگە.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی داوە، بەگوێرەی ئەو ڕێنوێنییانە هیچ ژمارەیەکی تاکسی لەسەر ئاستی کوردستان زیاد نابێت، بەڵکو ئەو تاکسییانەی هەن خاوەنەکانیان دەتوانێت سوود لە تابلۆکانیان وەربگرن بۆ تاکسی مۆدێل نوێ (کە ژمارە کاتی بن یان ئۆتۆمبێلی دوایین سێ مۆدێل تۆمارکراو بن) و تاکسییە کۆنەکانیش بکرێنەوە ئۆتۆمبێلی تایبەت و تابلۆی تایبەتیان بێ خەرجی دارایی پێ دەدرێت.
هەر بەگوێرەی رێنوێنییە نوێیەکە، ڕەنگی تاکسی نوێ هەمان ڕەنگی تاکسی کوردستان بە کۆدی (4Q0) دەبێت و خاوەن تاکسی دەتوانێت لە کوردستان بەم کۆدە تاکسییەکی بۆیە بکات یان لە کۆمپانیایەوە بەم رەنگ و کۆدە بەردەست بێت بۆ کڕین. تاکسییە کۆنەکانیش بەگوێرەی خواستی خاوەنەکەی بۆیە دەکرێنەوە بە هەر ڕەنگێکی پەسندکراو جگە لە ڕەنگی تاکسی.
پێویستە ئۆتۆمبێلەکان تازە هاوردە کراو بن و پێوەرەکانی سەلامەتی، تەکنیکی و ژینگەیی تێدابێت کە لە رێنوێنیی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل ژمارە 7ی ساڵی 2021ی هەموارکراودا دیاری کراون، تەنیا ئۆتۆمبێلەکانی سێ ساڵی مۆدێلی کۆتایی پەسندکراون بۆ گۆڕین بۆ تاکسی.
لە رێنوێنییە نوێیەکەدا، بۆ ئۆتۆمبێلی هایبرد و تەواوکارەبایی، 74 جۆر بۆ ئۆتۆمبێلی بەنزین، 89 جۆر وەکو پاشکۆ دیارکراون کە ڕێگەپێدراون بگۆڕدرێن بۆ تاکسی.