سیپان شێروانی رەخنەی توند لە بەغدا و جاشەكانی ناوخۆ دەگرێت

:: PM:03:47:08/05/2025 ‌
ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق /كورد/ رەخنەی توند لە بەغدا و ئەوانەیش دەگرێت كە بەردەوام لە ناوخۆی كوردستاندا وەك جاشی عێراق مامەڵە دەكەن.  

ئەمڕۆ پێنجشەم هەشتی ئایار، سیپان شێروانی ئەندامی پەرلەمانی عێراق /پارتی/ رای گەیاند، لە كاتێكدا نزیكەی 45 ڕۆژە بەبێ هۆكار بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی نەداوە، خەریكی سەخاوەتە بە گەنمی عێراق بەسەر وڵاتانی عەرەبی، ئەمەش لە كاتێكدایە كە بەهۆی بێبارانییەوە پێشبینی وشكەساڵی و كەمبوونی گەنم لەمساڵ دەكرێت.

هەروەها نووسیویەتی، كەسانێك دێن بیانوویان بۆ دێننەوە گوایە داهاتی رادەستكراو كەمە، دیارە داهاتی رادەستكراوی ئەو وڵاتانەی عێراق كۆمەكی دارایی و نەوتی خۆڕایی و گەنمیان بۆ دەنێرێت، زیاترە لەوەی هەرێم رادەستی كردووە، دیارە ئەم وڵاتانە ئاساییە لەسەر داهاتی عێراق بژین، بەڵام هەرێمی كوردستانی نەوت لێڕاگیراو و داهات لێوەرگیراو، نابێت مووچەی بۆ بنێرن.

لە كۆتاشدا شێروانی نووسیویەتی، هەر لەسەر ئەم ستەمەی دژ بە كورد و كوردستان دەكرێت، شاسوار بەتوندی هاتە خەت و داوایان لێ دەكات پەرلەمانی كوردستان هەڵوەشێنن.

ئەو نووسینەی پەرلەمانتارەكەی عێراق وەك تەنزێك وایە بۆ سەرانی بەغدا و ئەوانەی بەردەوام لە ناوخۆی هەرێمی كوردستاندا، جاشایەتی بۆ ئەو حكوومەتە دەكەن و مافی خەڵكی كوردستان لەبەرچاو ناگرن. 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم