"دواخستنی پارەی مووچە لە لایەن بەغدا بۆ مەبەستی سیاسی و هەڵبژاردنە"

:: PM:08:11:08/05/2025 ‌

لە دوای وەستانی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و سەرەڕای واژووكردنی رێككەوتنی نەوتی لە نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێم و فیدراڵیی عێراق، بەغدا مانگانە بە پاساوی جیاواز رەوانەكردنی پارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دوا دەخات، لەوكاتەی پارەی مووچەخۆرانی خۆی بە رێكوپێكی دەدات و دادگای فیدراڵیش بڕیاری داوە جیاوازی لە نێوانیان نەبێت، پەرلەمانتارێكی پێشوو ئەو بابەتە بە هۆكاری سیاسی و هەڵبژاردن دەبەستێتەوە.

ئیدریش شەعبان پەرلەمانتاری پێشووی كوردستان ئاماژە دەكات، دواخستنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە لایەن بەغدا هۆكارە سەركییەكەی سیاسی و هەڵبژاردنە، چونكە ناكرێ لەبەر هیچ هۆكارێك، لەوانە نەبوونی سیولەی دارایی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دوا بخرێت.

روونی كردەوە، حكوومەتی هەرێم تەواو پابەندی داواكارییەكانی حكوومەتی فیدراڵی بووە و داهاتی ناوخۆ و لیستی مووچەخۆرانی وەك پێویست رادەست كردووە و تەواوی مەرجەكانی جێبەجێ كردووە، كەچی چەند لایەنێكی سیاسی هەن هەموو مانگێك كار بۆ پەكخستنی رەوانەكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەكەن، دەیخەنە ناو بازنەی بانگەشەی پێشوەختەی هەڵبژاردن.

لەوكاتەی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نزیك دەبێتەوە، حزبەكانی دەسەڵات لە بەغدا، بەتایبەتی شیعەكان، دەستیان بە گوشارخستنە سەر هەرێمی كوردستان كردووە، ئەوان بۆ شاردنەوەی ئەو هەموو تەنگژەی بەهۆی گەندەڵی و خراپیی ئیدارەدان لە لایەن حكوومەتە دواییەكەكان دروست بووە، پارەی مووچە و قووتی خەڵكی هەرێمی كوردستانیان كردووەتە مادەیەكی سیاسی و هەڵبژاردن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل