سكاڵای ژمارەیەك پەرلەمانتار بۆ رەتكردنەوە و دەركردنی فەرمانی وەلائی بۆ راگرتنی كاركردن بە یاسای بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە، لەلایەن دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رەت كرایەوە.
دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق بڕیاری بەپارێزگاكردنی هەڵەبجەی دا، پاشان سەرۆك كۆماری عێراق واژووی كرد، پێنج پەرلەمانتار سكاڵایەكیان لە دادگای فیدراڵی تۆمار كرد و داوایان كرد فەرمانێكی وەلائی دەربكات بۆ رێگریكردن لە كاركردن بەو یاسایە، چونكە بە بڕوای ئەوان دانیشتنەكە نایاسایی بووە و رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران تێیدا تەواو نەبووە.
دادگەی فیدراڵیی عێراق لە وەڵامی ئەو پەرلەمانتارانەدا رای گەیاندووە، بەگوێرەی یاسای دادگاكە، دەركردنی فەرمانی وەلائی لەسەر بنەمای مەرج و بنەما دیاری كراوە، لەم دۆسیەیەشدا بە پێویستی نازانێ فەرمانێكی وەلائی دەربكات.
14ی نیسانی 2025 ئەندامانی پەرلەمانی عێراق، دەنگیان بە یاسای بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە دا و 29ی نیسانیش د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عێراق، واژووی لەسەر فەرمانی بەپارێزگاكردنەكەی كرد، پاشان لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقیش وەك یاسایەكی كارپێكراو بڵاو كرایەوە.