نەتەوە یەگرتووەكان: لە دوای كەوتنی ئەسەدەوە 670 هەزار كەس لە ناوخۆی سووریا ئاوارە بوون

:: AM:09:50:10/05/2025 ‌
گوتەبێژی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان رای گەیاند، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزیی تایفی و مەزەوییەوە، 670 هەزار كەس لە ناوخۆی ئەو وڵاتە ئاوارە بوون.

فەرحان حەق گوتەبێژی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت: لە مانگی 12ی ساڵی ڕابردووەوە بەهۆی پێكدادانە ناوخۆییەكانی سووریاوە، نزیكەی 900 كەس بوونەتە قوربانی، نزیكەی 670 هەزار كەسی تر لە خەڵكی سووریا ئاوارە بوون.

گوتەبێژی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕاشی گەیاندووە، لە دوای ڕووخانی ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد، 900 كەسی سڤیل بوونەتە قوربانی، لە نێویاندا 367 كەسیان كوژراون و 542 كەسیش بریندار بوون كە یەك لەسەر سێی قوربانییەكان منداڵن. 

لە راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكاندا، نووسینگەی هاوئاهەنگیی كاروباری مرۆیی لە نەتەوە یەكگرتووەكان باس لە كۆچێكی نوێ دەكەن لە سووریا، ئەویش دوای گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن گرووپە سوننەكانەوە و دەڵێن: بەهۆی ململانێی مەزەوییەوە شیعەكان هەڵدێن.



وشە - سۆران عەزیز