غەزە.. لە تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو نۆ سەربازی ئیسرائیلی دەكوژرێن

:: PM:03:22:10/05/2025 ‌
میدیاكانی عیبریی ئەمڕۆ لە سوپای ئیسرائیلیان وەرگرتووە و بڵاویان كردووەتەوە، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو لە باكوری كەرتی غەزەی فەلەستینی، نۆ سەربازی ئیسرائیلی كوژراون كە دوو لەوان ئەفسەرن.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ شەموو 10ی ئایار، لە هۆیەكانی هەواڵی عیبریی وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، بەهۆی تەقینەوەی ئەو بۆمبە چێنراو لە باكوری غەزە، حەوت سەربازی ئیسرائیل كوژراون، هاوكات دوو ئەفسەر كوژراون كە یەكیان فەرماندەی كەتیبەی 6310یە و پلەی عەقیدە، ئەوی تریان جێگریەتی لە لیوای 252. هاوكات ژمارەیەكیش بریندار بوون.

میدیاكانی ئیسرائیل زیاتر دەڵێن، رووداوە تەناهییەكە زۆر مەترسیدار بووە لە حەی شوجاعیە رووی داوە، تەقینەوەی بۆمبەكەیش لە رێگەی بەرەنگاربوونەوەی فەلەستینی بووە. دوای رووداوەكە دەستبەجێ فڕۆكە ئیسرائیلییەكان، بریندارەكانیان گواستووەتەوە بۆ نەخۆشخانەی تال هشۆمیر لە ناوەندی ئیسرائیل.

لە حەوتی تشرینی یەكەمی 2023 بە دەستپێشخەریی حەماس، جەنگی غەزە دەستی پێ كرد و لە رۆژی یەكەمی جەنگدا سەرووی هەزار و 200 ئیسرائیلی گیانیان لە دەست دا و سەرووی 200 كەسی تر بە بارمتە گیران. ئەو رووداوە بە رووداوێكی كارەساتبار بۆ جووەكان لەوەتەی رووداوی هۆڵۆكۆستەوە هەژمار كرا، بۆیە پەرچەكرداری توندی لێ كەوتەوە.

لەو كاتەوە سوپای ئیسرائیل لە ئاسمان و زەوییەوە غەزە بۆردمان دەكات كە بەهۆیەوە شارەكە بە تەواوی وێران بووە و دانیشتووانی شارەكە جگە لەوەی كە دەیان هەزاریان لێ كوژراوە، لە ژیانێكی زۆر سەختدا دەژین. دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی فەلەستینیش، باس لە كوژرانی نزیكەی 50 هەزار فەلەستینی دەكات و زیاتر لە 112 هەزار كەسیش بریندار بوون.

لەلایەكی ترەوە بەپێی دوای ئاماری ئیسرائیل نزیكەی هەزار و 500 كەس كوژراون. زۆربەی قوربانییەكانی ئیسرائیل پێوەندی بە یەكەم رۆژی هێرشەكەی حەماس هەیە كە بەهۆیەوە هەزار و 200 كەس كوژران و زۆربەیان خەڵكی سڤیل بوون، لەگەڵ ئەمەدا زیاتر لە 200 ئیسرائیلی لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیران و لەو كاتەوە تەنیا 81 بارمتەیان ئازاد كراون.

ئێوارەی چوارشەم 15ی كانوونی دووەم، بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل بە ناوەندگیریی قەتەر، ئەمەریكا و میسر، ئاگربەستیان ڕاگەیاند و چووە بواری جێبەجێكردنەوە كە رێككەوتنەكە بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەكرێت.

ئێستەیش ئاگربەستی نێوانی هەردوولا بەكۆتا هاتووە، ئیسرائیل ماوەیەكە دەستی بە هێرشەكانی كردووەتەوە و زیانی زۆری بە حەماس و كەرتەكە گەیاندووە.
 



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د