هەر یەک لە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فڕەنسا، فرێدریش مێرتس راوێژکاری نوێی ئەڵمانیا، کییەر ستارمێر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و دۆناڵد توسک سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا سەردانی ئۆکراینایان کردووە.
ئەوان هۆشدارییان داوە ئەگەر رووسیا ئاگربەست قبوڵ نەکات ئەوا لەگەڵ سزای زیاتری ئەوروپا بەرەوڕوو دەبێت بەڵام مۆسکۆ تا ئێستە بەرانبەر ئەو هۆشدارییە هیچ هەڵوێستێکی نەبووە.
ئەمرۆ شەموو رێبەرانی ئەوروپا پاڵپشتیی خۆیان بۆ هەنگاوەکانی ئەمەریکا بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان رووسیا و ئۆکراینا راگەیاندووە و گوتوویانە ئاگربەستەکە لە قۆناغی یەکەمدا وا باشە لانی کەم بۆ 30 رۆژ پێڕەو بکرێت.
گەشتەکەی ئەوا چوار رێبەرەی ئەوروپا بۆ ئۆکراینا وەڵامێکیشە بۆ ئەو رێوڕەسمەی رووسیا دوێنێ هەینی لە 80ەمین ساڵوەگەڕی سەرکەوتنی یەکێتیی سۆڤییەت بەسەر ئەڵمانیای نازیدا بەڕەوەچوو و کۆمەڵێک رێبەری نەیاری ئەوروپای بانگهێشتی رێوڕەسمەکە کرد.
رێبەرانی ئەوروپا لەگەڵ ڤلودمیر زیلینسکی سەردانی گۆڕەپانی بەناوبانگی کیێڤیان کرد و رێزیان لەو سەربازانە گرت کە لە جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیادا گیانیان لەدەست داوە.
رێبەرانی ئەوروپا داوایان کردووە ئاگربەستی 30 رۆژە بە بێ هیچ مەرجێک رابگەیەنرێت کە لە لایەن ئەمەریکاوە پێشنیار کراوە.
سەرۆک کۆماری فڕەنسا لە کیێڤ رای گەیاند رووسیا کە 20% لە خاکی ئۆکراینای داگیر کردووە خەریکی کوشتنی کاتە و مەرجی نوێ بۆ ئاگربەست دەخاتە روو. ئەو بە پێویستی زانی دانوستانی راستەوخۆ لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا دەست پێ بکات.
شەڕی نێوان ئۆکراینا و رووسیا لە 24ی شوباتی 2022ەوە دەستی پێ کردووە و بەهۆیەوە زیانێکی زۆر بەر هەر دوو وڵات کەوتووە.