عێراق: هەموو وڵاتە عەرەبییەكان بەشداری لە لووتكەی بەغدا دەكەن

:: PM:05:38:10/05/2025 ‌

لە ماوەی رابردوو هاوكات لەگەڵ ئامادەسازییەكان بۆ سازكردنی لووتكەی عەرەبی لە بەغدا، كە بڕیارە لە 17ی ئەم مانگە بێتە سازكردن، میلیشیا شیعەكانی نزیك لە ئێران، بۆ شێواندنی دۆخی لووتكەكە و سەلماندنی زاڵبوونی بیر و ئەجیندای شیعە و ئێران بەسەر بڕیاری عێراق و بۆ دووخستنەوەی عێراق لە وڵاتە عەرەبییەكان، هەڕەشەی بەشداریكردنی سەرۆكی كاتیی سووریا و دواتر كوێتیان كرد، حكوومەتی عێراق دەڵێت هەموو وڵاتە عەرەبییەكان لە لووتكەكە بەشداری دەكەن.

لەگەڵ نزیكبوونەوەی كارەكانی لووتكەی عەرەبی لە بەغدا، هێز و میلیشیا شیعەكان دەستیان كردووە بە دەستوەردان لە كارەكانی لووتكەی عەرەبی بۆ بەرژەوەندیی ئێران، ئەوان دەڵێن ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سووریا دەستی بە خوێنی عێراقییەكان سوورە و نابێت بێتە بەغدا و بەشداری لە لووتكەی عەرەبی بكات، هاوكات كێشەی بەندەری خۆر عەبدوڵایان لەگەڵ كوێت زیندوو كردەوە، ئەوەش وای كردووە وڵاتانی كەنداو پشتی كوێت بگرن و هەڕەشە لەسەر ئامادەبوونیان دروست ببێت، بەوەش لووتكەكە شكست دێنێت.

دوای ئەوەی ئەمڕۆ ئاراس حەبیب سەرۆكی حزبی كۆنگرەی نیشتمانی رای گەیاند كە هەریەك لە سعوودیە و كوێت و ئیمارات بەشداری لە لووتكەی عەرەبی ناكەن، كە بڕیارە لە 17ی ئەم مانگە ساز بكرێت، باسم عەوادی گوتەبێژ بە ناوی حكوومەتی عێراق رەتی كردەوە كە راگەیاندنی فەرمی بۆ بەشدارینەكردنی هەندێك دەوڵەت لە لووتكەی عەرەبی هەبێت.

زیاتر گوتی، ئەو هەواڵ و زانیارییانەی باسی رەتكردنەوەی بەشداریكردنی هەندێك لە وڵاتانی عەرەبی لە كۆبوونەوەی كۆمكاری عەرەبی لە بەغدا دەكەن راست نییە، بگرە تا ئێستە هەموو وڵاتانی عەرەبی بەشداریكردنی خۆیان راگەیاندووە و لە ئامادەنەبوونی هیچ دەوڵەتێك ئاگەدار نەكراوینەتەوە.   

عەوادی ئاماژەی كرد، بەر لە دوو رۆژ لە وادەی سازكردنی لووتكەی بەغدا، كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی دێتە سازكردن، سەرۆك و شایەكان لە 16 و 17ی ئەم مانگە دەگەنە بەغدا.    


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل