ماوەی چەند ساڵێكه لەگەڵ دروستبوونی ته‌نگژه‌ی دارایی لە هەرێمی كوردستان و بڕینى به‌شه بودجه‌ى هه‌رێم له‌لایه‌ن عێراقى عه‌ره‌بییه‌وه، هه‌موو جوومگهكانى كۆمه‌ڵگه كاریان تێكراوه و هونه‌ریش یه‌كێكه له‌وان، به‌تایبه‌ت درامای كوردی و ناوخۆیی كەمبووەتەوە و ئێسته بەرە و نەمان دەچێت.
له‌به‌رامبه‌ردا ته‌له‌فزیۆنه‌كان درامای كۆری و توركی و عەرەبی بە شێوەی دۆبلاژ ئەو بۆشاییان بۆ بینه‌ره‌كانیان پێ پڕكردووەتەوە، هونەرمەندى ناودارى كورد ناسر حه‌سه‌ن له پێگه‌ى تایبه‌تى خۆى له پۆستێكدا نووسیوهتى: " وەزارەتی ڕۆشنبیری بە كەمتەرخەم ده‌زانم، ئێسته درامای كوردی لە ته‌نگژه‌یه‌كی گەورەدایە، ئەمەش بۆ بوونی ئەو هێرشە گەورەیە دەگەڕێتەوە كە لەسەر درامای كوردی هەیە لەلایەن دراما دۆبلاژكراوەكانەوە كە زۆرێك لە كەناڵەكان پەنایان بۆ بردووە، گرفتی گەورەش بۆ نەبوونی سپۆنسەر دەگەڕێتەوە، كەمتەرخەمی وەزارەتی ڕۆشنبیریش دەبینرێت كە تا ئێسته هەوڵی جدی بۆ زیندووكردنەوەی درامای كوردی نەداوە".
ناسر حەسەن، یه‌كه‌م ده‌رهێنه‌رى ناودارى كورده له به‌ناوبانگترین كاره‌كانى دراما ى ژاڵە و دراماى مەمی ئالانه، زیاتر لە 50 ساڵە ئەم هونەرمەندە کاری هونەری دەکات و هەگبەیەکی دەوڵەمەندی هەیە له بوارى هونه‌ریدا.
ئەو یەکەم هونەرمەندە لە باشووری کوردستان کە درامای کوردی لەناو ستۆدیۆوە گواستەوە بۆ دەرەوە، یەکەم کاریشی زنجیرە درامای "ژاڵە" بووه کە ساڵی ١٩٨٤ بەرهەمی هێنا.
ناسر حەسەن سەرەتای تێکەڵبوونی لەگەڵ میدیا و هونەر لە ساڵی ١٩٦٦ لە ڕادیۆی دەنگی کوردی بەغداوە دەست پێکردووە، دواتر خۆی یەکلایی دەکاتەوە بۆ هونەری نواندن و دەرهێنەری.
پێشتر له چاوپێكه‌وتنێكى ڕۆژنامه‌وانیدا ڕای گه‌یاندبوو، لەو کاتەوە دەستی بەکارکردووە، تا ئێسته ٥٠٠ بەرهەمی هونەری هەیە لە بوارەکانی فیلم و زنجیرە دراما، شانۆ و دۆکیۆمێنتاریی لەگەڵ کلیپ بۆ گۆرانیی هونەرمەندانی کورد. لەوانە سەرجەمی کلیپەکانی گۆرانیبێژی ناسراو عەلی مەردان، خاتوو گوڵبەهار، محەمەد عارف جزیری و عوسمان شارباژێڕی و چەندین هونەرمەندی تر.
ناسر حەسەن ساڵی ١٩٤٧ لە خانەقین لە دایک بووە و دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغدایە، ساڵی ١٩٧٢ وەک دەرهێنەر دەستی کردووە بەکارکردن.