رێكخراوێكی ئەڵمانی: رێژەی خەتەنەكردنی مێیینە لە گەرمیان 35%ـە

:: PM:07:54:24/12/2017 ‌
 
ئاماری رێكخراوێكی ئەڵمانی ئاماژە دەكات ٣٥%ی رەگەزی مێینە لە گەرمیان خەتەنە كراون، لەو كاتەی پزیشكان دووپاتی دەكەنەوە، كە خەتەنەكردن زیانی جەستەیی و دەروونی بە مێیینە دەگەیەنێت، مامۆستایەكی ئاینی دەڵێت، كە خەتەنەكردنی ئافرەت لە ئیسلامدا واجب نەكراوە.
 
بەپێی ئاماری رێكخراوی وادی ئەڵمانی بە "وشە" دراوە، هاتووە، ژمارەی منداڵی مێینە و ژنانی گوند و شارەدێ و شارۆكەكانی گەرمیان، كە ‌تیمەكانی وادی لە ‌ساڵی ٢٠١٧ دا بینویانن، هەزار و دوو كەس بوون و ٣٥% یان خەتەنە كراون.
 
لە ئامارەكەدا، ئاماژە بەوەیش كراوە، ئەو كەسانە ئاگەدار كراونەتەوە كە بەپێی یاسای ژمارە ٨ی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی ساڵی ٢٠١١، خەتەنەكردن قەدەغەیە ‌و سزای یاسایی لەسەرە.
 
لای خۆیەوە لەیلا ئەحمەد، ئەندامی تیمی گەرمیانی رێكخراوی وادی ئەڵمانی بە "وشە"ی راگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٧ لە شارۆكە و شارەدێ و گوندەكانی گەرمیان و دەورووبەری، هەزار و ١٠٤ ژن و پیاومان بینیوە و سمیناری بەرەنگاربونوەوەی خەتەنەكردنی مێینە و توندوتیژیی خێزانی و چارەسەری ئاشتیانەی ململانییەكانمان  بۆ رێكخستوون.
 
زیاتر گوتی، بەهۆی هەوڵەكانی ئەوانەوە هۆشیاریی كۆمەڵگە بەرزبووەتەوە و ئێستە ١٢ گوندی هەرێمی كوردستان بەتاڵن لە خەتەنە، كە سیانیان دەكەونە سنووری گەرمیانەوە.
 
لە رووی تەندروستییەوە خەتەنەكردنی مێینە دەبێتە هۆكاری چێژوەرنەگرتنی ئافرەت لە سێكس، هاوكات ئاین لەگەڵ ئەوەدا نییە كچان خەتەنە بكرێن.
 
د. ئەحمەد حەسەن، پزیشكی پسپۆڕی هەناوی بۆ"وشە" ئاماژەی دا كە جیاواز لە رەگەزی نێر، ئافرەت هەموو جەستەی دەبێتە هۆكاری ورووژاندنی، بەتایبەت ئەو بەشەی، كە نزیكە لە كۆئەندامی زاوزێیەوە، بۆیە دەبێتە هۆكاری كەم چێژ وەرگرتن لە سێكس لە كاتی بڕینیدا.
 
پێشتر مەلا حەمەئەمین كەلاری مامۆستای ئاینی بۆ "وشە" باسی لەوە كردبوو، كە خەتەنەكردنی ئافرەت لە ئیسلامدا واجب نەكراوە، هاوكات ئەگەر بۆ كوشتن یان  كەمكردنەوەی چێژی ئافرەت بێ، ئیسلام ئەو ستەمە ناكات و رێگە پێنەدراوە ستەم لە هەر رەگەزێك بكرێت.
 
ساڵانە لەسەر ئاستی جیهاندا دیاردەی خەتەنەكردن، بەتایبەت لە وڵاتانی عەرەبی لەنێویاندا میسر كە بە پێشەنگی ئەو دیاردەیە دێتە ناساندن و خەتەنەكردنی كچان  لەو وڵاتە بەردەوامە، ئەوەیش بە بیانووی پاراستنی شەڕەف و كەمكردنەوەی چێژی سێكسی رەگەزی مێ.
 
گەرمیان/ سەبری هۆرینی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل