زۆر له دووكانداران و كوتاڵفرۆشان تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان كردووه‌ته ده‌رفه‌ت بۆ ساغكردنهوهیی كاڵاكانیان و كچان و ژنانیش له سایه‌یدا هه‌ر له ماڵه‌وه مۆدێلی جلوبه‌رگه‌كانیان ده‌گۆڕن.
گه‌وره‌ترین هیوای تانیا خدر جلی كوردییه و به‌رده‌وام مۆدێلی جیاواز ده‌گۆڕێت و ده‌ڵێ، له هه‌موو مۆدێله‌كان دانه‌یه‌كی هه‌یه. تانیا ددان به‌وه‌دا ده‌نێت كه له سایه‌ی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان حه‌ساوه‌ته‌وه و ئێسته كه‌م سه‌ردانی بازاڕ ده‌كات و ئاسانتریش ده‌ستی ده‌كه‌وێت.
جاران ڕۆژان لوقمان كه فه‌رمانبه‌ره زۆر جلی كوردی نه‌ده‌كڕی و كه‌م كات له‌به‌ری ده‌كرد، به‌ڵام ئێسته به‌هۆی زۆربوونی په‌یجه‌كانی به بازاڕكردنی پۆشاك، ته‌ماحی لێ نیشتووه و حه‌ز به كڕینی جلوبه‌رگ ده‌كات.
یوسف محه‌مه‌د كه كوتاڵفرۆشه و ده‌مێكه ئه‌م كاسبییه‌ی هه‌یه، باسی له‌وه كرد كه جاران خه‌ڵك ته‌نیا له نه‌ورۆزان جلی كوردی‌یان له‌به‌ر ده‌كرد، یان له كاتی بووك گواستنه‌وه ده‌یانكڕی و گرنگییان به مۆدێل نه‌ده‌دا، به‌ته‌مه‌نه‌كانیش جلی تایبه‌ت به خۆیان ده‌كڕی و كوتاڵفرۆشهكانیش ناسراو بوون. به‌ڵام ئێسته تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ئه‌و سنووره‌یان نه‌هێشتووه و خه‌ڵك هه‌ر له ماڵه‌وه بازاڕ ده‌كه‌ن و كوتاڵفرۆشهكانیش ژماره‌یان زۆر بووه و له زۆربه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كان و بازاڕه‌كان دووكانیان هه‌یه.
فرۆشتنی جلی كوردیی ژنان كارێكی ئه‌سته‌مه و ده‌بێت له‌گه‌ڵ مۆدێل و جۆره‌كان بێت. عه‌لی عوسمان كه له منداڵییه‌وه له‌گه‌ڵ باوكی جلی كوردی فرۆشتووه، پێی وایه، ئێسته كاره‌كانیان ئاسانتر بووه و هه‌ر له رێی سۆشیال میدیا و گرووپه‌كانه‌وه به‌رهه‌مه‌كانیان ده‌خه‌نه‌ڕوو و داواكاریش له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانیان زیادی كردووه.
ئه‌مه كاری كاسبكارانی ئاسان كردووه و ئه‌گه‌ر دووكانیشیان نه‌بێت، ده‌توانن له ماڵه‌وه ئه‌م كاره بكه‌ن و به‌رهه‌مه‌كانیان بخه‌نه ڕوو، ته‌نیا پێویستیان به كه‌سێك ده‌بێت به‌رهه‌مه‌كه به ده‌ستی كڕیار بگه‌یه‌نێت. هه‌ندێك كوتاڵفرۆش بۆ شاره‌كانی تریش داواكاریی كڕیاران جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.
شه‌ماڵ نووری ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی باڵای سه‌ندیكای ئابووریناسانی كوردستان، بۆ "وشه" روونی كرده‌وه، به‌هۆی ئه‌و بێبازاڕی و ته‌نگژه دارایییه‌ی به‌رۆكی كوردستانی گرتووه، فرۆشیاران په‌نا ده‌به‌نه به‌ر كۆمه‌ڵێك شێواز بۆ ڕاكێشانی سه‌رنجی كڕیار و ڕێكلام بۆ كاڵاكانیان ده‌كه‌ن. ئه‌م هه‌نگاوه‌ش خه‌رجییه‌كی زۆری ناوێت و هه‌ندێكیش له رێی ماڵپه‌ڕه‌كانه‌وه به پاره رێكلامه‌كانیان بڵاو ده‌كه‌نه‌وه.
به گوته‌ی ئه‌م شاره‌زا ئابوورییه، كڕینی كاڵا له رێی ئینته‌رنێته‌وه زیاتر له‌ناو گه‌نجان باوه و به‌ته‌مه‌نه‌كان كه‌متر پشتی پێ ده‌به‌ستن، به‌و پێیه‌ی حه‌ز ده‌كه‌ن خۆیان بچن له بازاڕ پێداویستی دڵخوازیان هه‌ڵبژێرن.
ئه‌م شێوازه كڕینه جگه له كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجیی رێگه، سوودێكی تری ئه‌وه‌یه به كلیكێك سه‌ردانی كۆمه‌ڵێك دووكان ده‌كه‌یت و له نرخه‌كانیشیان ئاگادار ده‌بیت. به بۆچوونی شه‌ماڵ نووری شێوازی فرۆشتنی كاڵا له رێی سۆشیال میدیاوه سوودی زیاتره و هیچ زیانێكی نییه، ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت "داوای كاڵایه‌ك بكه‌ی به‌ڵام كه به ده‌ستت ده‌گات كوالێتی و جۆره‌كه‌ی ئه‌م شێوه‌یه نه‌بێت كه داوای ده‌كه‌یت".
له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌م جۆره بازاڕه كێبه‌ركێی زیاتر له نێوان دووكانداران و بازاڕ دروست ده‌كات، خه‌ڵكیش هۆشیارتر ده‌بێت و ده‌زانێت نرخی ئه‌و شته‌ی داوای ده‌كات له شوێنێكی تر چه‌نده و كه‌س ناتوانێت فێڵی لێ بكات.
وشه/ هه‌ولێر- ژاڵه ناسح به‌رزنجی